سێ باندی تاوانكاری لە دەڤەری راپەڕین دەستگیر كران

سێ باندی تاوانكاری لە دەڤەری راپەڕین دەستگیر كران
هێزەکانی پۆلیسی راپەڕین سێ باندی تاوانکاریان دەستگیر كرد، کە تاوانی جۆراو جۆریان ئەنجام داوە و هەوڵیانداوە ئاسایش و ئارامی هاووڵاتیان بشێوێنن.

رائید شۆڕش ئیسماعیل، وتەبێژی پۆلیسی راپەڕین راگەیاند: "ئەو کەسانە دەستگیر كراون سێ باندی جیاوازن، باندێکیان کاریان لەسەر دزینی ئۆتۆمبێل و پاشان ساغکردنەوەی کردووە، یەکێکی تر لەو باندانە کاری بازرگانی و بەکارهێنانی مادەی هۆشبەریان لە سنووری قەزای پشدەر کردوە، ھەروەھا باندێكی دیكەش هەستاون بە تەقەکردن لە خەڵک و ماڵی هاووڵاتیان و هەوڵیانداوە ئاسایش و ئارامی هاووڵاتیان بشێوێنن".

وتەبێژی پۆلیسی راپەڕین ئاشكرای كرد: "ژمارەیەک لە دەستگیر کراوەکان پێشتر فەرمانی گرتنیان هەبووە و دانیان بە تاوانەکانیان ناوەو لێکۆڵینەوەی زیاتریان لەگەڵ دەکرێت".

دەستگیر کردنی ئەو باندە تاوانکاریانە لە کاتێکدایە پێشر ژمارەیەک هاووڵاتی لەسەر دزینی ئۆتۆمبێلی جۆری تۆیۆتا هایلۆکس ناسراو بە (مەرزیە) و تەقەکردن لێیان سکاڵایان لە پۆلیس تۆمار کردبوو.

k24-
Top