خاوەن پشکەکانی چاڤیلاند داواکارن شاسوار عەبدولواحید دەستگیر بکرێت
لەمبارەوە نەژاد محەمەد، نوێنەری خاوەن پشکەکانی (چاڤیلاند) لە پرێس کۆنفرانسێکدا ڕای گەیاند: "ئێمە وەکوو نوێنەری خاوەن پشکەکانی (چاڤیلاند) بۆ گەڕاندنەوەی شایستە داراییەکانمان ھاتووین بۆ لای داواکاری گشتی، بەڵام دوای چەند ساڵ لەم گەندەڵییە گەورەیە دادگای سلێمانی، فەرمانی دا شاسوار عەبدولواحید خاوەنی پڕۆژەی گەشتیاری (چاڤیلاند) دەستگیر بکرێت، بۆیە ئێمە سوپاسی دادگای سلێمانی دەکەین، کە دەستیان کردووە بە لێپرسینەوەیەکی یاسایی و بڕیاری دەستگیرکردنیان بۆ خاوەنی پڕۆژەی گەشتیاری (چاڤیلاند) دەرکردووە".
گوتیشی: "ھەرچەندە شاسوار عەبدولواحید، خۆی شاردووەتەوە و کەس نازانێ لەکوێیە بەڵام، ئێمەی خاوەن پشکەکان گلەیی و داواکاریمان لە ئاسایش و پۆلیسی سلێمانی ئەوەیە کە بە زووترین کات شاسوار عەبدولواحیدی تاوانبار دەستگیر بکەن، چونکە ئەو بازرگانە ماوەی حەوت ساڵە یاری بە چارەنووسی ١٠ ھەزار خاوەن پشکی پڕۆژەکەی دەکات".
نەژاد محەمەد ئاماژەی بەوەش دا: "خاوەنی کۆمپانیاکانی سلێمانی حەوت ساڵ پێش ئێستا ھەستاوە خەمڵاندنی بۆ شاسوار عەبدولواحید کردووە و گەندەڵییەکی زۆری کردووە، گەندەڵییەکەشی ئەوەیە کە شاسوار عەبدولواحیدی کردووە بە خاوەنی ١٠٥ ملیار دینار، ھەروەھا زوڵمێکی زۆری لە١٠ ھەزار خاوەن پشک کردووە، بۆیە داواکارین وەزیری بازرگانی و دادگای سلێمانی لێپرسینەوە و لێکۆڵینەوەی یاسایی بۆ خاوەنی کۆمپانیاکانی سلێمانی بکەن".
نوێنەری خاوەن پشکەکانی چاڤیلاند، جەختی لەوەش کردەوە: "ئەگەر داواکاری گشتی سلێمانی، شایستە داراییەکان بۆ خاوەن پشکەکان نەگێڕێتەوە، ناچارین ماڵ و منداڵمان بھێنینە سەرشەقام و لەبەردەم چاڤیلاند و دادگای سلێمانی خۆپیشاندانی فراوان دەکەین".
ماوەی حەوت ساڵە پڕۆژەی گەشتیاریی (چاڤیلاند) لەلایەن شاسوار عەبدولواحیدەوە دروست کراوە و زیاتر لە ١٠ ھەزار ھاووڵاتیی ھەرێمی کوردستانیش پارەکانیان بە ناوی کڕینی پشکەوە خستووەتە پڕۆژەکەوە، بەڵام پارەیەکی یەکجار کەمیان وەک قازانج پێ دراوە و خاوەن پشکەکان بەردەوام گلەیی ئەوە دەکەن کە شاسوار عەبدولواحید مافە داراییەکانیان دەخوات، لە کاتێکدا زیاتر لە ٣٠ ملیار دیناریان لەنێو پڕۆژەکەدا ھەیە.
باسنيوز
