حەسیبە گەردی: لە پشووی پەرلەماندا ٢٨ پڕۆژەیاسا ئامادە كراون
حەسیبە گەردی، ئەندامی فڕاكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان، راگەیاند: "لە رۆژی ١ی مانگی ئەیلوولدا، كۆتایی بە پشووی ھاوینەی پەرلەمانی كوردستان دێت و دەست بە كۆبوونەوە ئاساییەكانی پەرلەمان دەكرێتەوە، لە ماوەی پشووی پەرلەماندا ژمارەیەك پڕۆژەی گرینگ لە بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستاندا ئامادە كراون و بڕیارە لەگەڵ دەستپێكردنەوەی كۆبوونەوەكانی پەرلەماندا بخرێنە كارنامەی كۆبوونەوەكانەوە".
پەرلەمانتارەكەی پارتی ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "لە ئێستادا ٢٨ پڕۆژە لەلایەن لیژنە تایبەتمەندەكانی پەرلەمان ئامادە كراون و بە ھۆی ھەبوونی رەھەندی داراییەوە ١٤ لەو پڕۆژانە ئاڕاستەی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران كراون تا لەگەڵ توانای دارایی حكوومەت بگونجێن و دواتر رەوانەی پەرلەمان دەكرێنەوە".
گەردی دەشڵێت: "ئێمە وەك فڕاكسیۆنی پارتی پێمان وایە پێویستە زیاتر ئەو پڕۆژانە بخرێنە نێو كۆبوونەوەكانی داھاتووی پەرلەمانەوە، كە پەیوەندییان بە ژیان و گوزەرانی خەڵكی ھەرێمی كوردستانەوە هەیە، بە تایبەتی پڕۆژەی چاكسازی، كە لە ئێستادا لە سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانە و چاوەڕێی ئەوەین لە داھاتوویەكی نزیكدا پەرلەمان پڕۆژەكە ھەموار بكاتەوە، چونكە پڕۆژەیەكی یەكجار گرینگە و پەیوەستە بە باشتركردنی رەوشی دارایی ھەرێمی كوردستانەوە".
kdp -
