داوا لە وەزارەتەكان كراوە راپۆرت لەبارەی چاكسازییەوە ئامادە بكەن

	 داوا لە وەزارەتەكان كراوە راپۆرت لەبارەی چاكسازییەوە ئامادە بكەن
بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، ئەنجومەنی وەزیران بەردەوامە لە كاركردن بۆ ئامادەكردنی پڕۆژەیاسای چاكسازی و داوای لە هەموو وەزارەتەكانیش كردووە راپۆرتی خۆیان لەبارەی پڕۆژەیاساكەوە ئامادە بكەن. دەشڵێ، لیژنەیەك لە نێوان پەرلەمان و حكوومەت دروست دەكرێت بۆ ئەوەی رێككەوتن لەسەر پڕۆژەیاساكە بكرێت و دواتر بۆ پەرلەمان رەوانە بكرێت بۆ پەسەندكردن.

محەمەد ئیلخانی، گوتی، ئەنجومەنی وەزیران كۆپییەكی پڕۆژەیاسای چاكسازیی بۆ هەموو وەزارەتەكان رەوانە كردووە و ئەوانیش هەر یەكەیان لیژنەیەكی پێك هێناوە و راپۆرتی لەبارەوە ئامادە دەكەن و را و تێبینیی خۆیان دەخەنە ڕوو و دواتر بۆ ئەنجومەنی وەزیران دەگەڕێتەوە.

بە گوتەی ئیلخانی، دوای ئەوەی بۆ ئەنجومەنی وەزیران دەگەڕێتەوە، هەموو راپۆرتەكان یەك دەخرێن و پاشان لیژنەیەكی هاوبەش لە نێوان پەرلەمان و حكوومەت دروست دەكرێت بۆ ئامادەكردنی راپۆرتی كۆتایی لەبارەی پڕۆژەیاساكە و دواتریش رەوانەی پەرلەمانی كوردستان دەكرێت و بەسەر لیژنە پەیوەندیدارەكاندا دابەش دەكرێت، كە ئەوانیش راپۆرتی خۆیان ئامادە دەكەن بۆ ئەوەی لە پەرلەمان كۆبوونەوەی لەسەر بكرێت و پەسەند بكرێت، كە رەنگە ئەو كارانە مانگێك بۆ مانگ و نیوێكی پێویست بێت.



kdp -
Top