كەمال كلیچدارئۆغلو: دوورخستنەوەی سەرۆك شارەوانیەكانی هەدەپە پێشێلكاری خواستی خەڵكە

كەمال كلیچدارئۆغلو: دوورخستنەوەی سەرۆك شارەوانیەكانی هەدەپە پێشێلكاری خواستی خەڵكە
كەمال كلیچدارئۆغلو سەرۆكی جەهەپەی گەورە پارتی ئۆپۆزسیۆنی توركیا پێیوایە دوورخستنەوەی سێ سەرۆك شارەوانیەكەی هەدەپە لە باكووری كوردستان، بابەتێك نیە پەیوەندی بە هەدەپەوە هەبێت، بەڵكو بێڕێزییە بەرامبەر خواست و بڕیاری میللەت.


كلیچدارئۆغلو قسەی بۆ رۆژنامەی (سۆزجو)ی توركی كردووە و هەڵوێستی خۆی لەبارەی دوورخستنەوەی سێ سەرۆك شارەوانیەكەی هەدەپە دەربڕیوە و دەڵێ "ئێمە وەكو جەهەپە كاتی خۆی ئەحمەد داودئۆغلوش لە پۆستی سەرۆك وەزیران دوور خرایەوە، هەڵوێستمان روون بوو و گوتمان ئەمە پێشێلكردنی ئیرادەی میللەتە. ئەمەی بەرامبەر ئەو سێ سەرۆك شارەوانییەی هەدەپەش كراوە، بابەتەكە پەیوەندی بە هەدەپەوە نیە، بەڵكو ئەم بابەتە بێڕێزیكردنە بەرامبەر خواستی میللەت".

لە درێژەی قسەكانیدا كلیچدارئۆغلو ئەم هەڵوێستەی حكوومەت بە كودەتا ناو دەبات و دەڵێ بە روحێكی كودەتاییانە هەنگاویان ناوە.

گوتیشی "ئەو سێ سەرۆك شارەوانییە بەر لەوەی ببنە كاندید ناویان بە حەفت دادگادا تێپەریوە و هیچ كێشەیەكیان نەبووە، بەڵام دەبینین ئێستە لە رۆژنامەكانیانەوە وەكو تاوانبار ناویان دەهێنن. پاشان دوورخستنەوەی ئەو سێ سەرۆك شارەوانییە بە بڕیاری دادگا نەبووە، ئەی مادام ئەوانت دوور دەخستەوە، ئەی بۆچی هەڵبژاردنتان كرد؟ ئەمە پێیگوتین كە ئیتر لە توركیا باس لە دیموكراتی نەكەین".

كلیچدارئۆغلو پێیباش نیە بە هۆی ئەو بریارەی وەزارەتی ناوەخۆ خەڵك بڕژێتە سەر شەقام و خۆپێشاندان بكەن و دەڵێ بە كارێكی راستی نازانم. نمونەش بە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی ئیستەنبۆڵ دەهێنێتەوە، كە بە دەستی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی توركیا پێشێلی ئیرادەی دەنگدەر كرا، ئەوكات پێیان گوتراوە بڕژێنە سەر شەقام، بەڵام وەكو جەهەپە پێیان باش نەبووە، چونكە بڕوایان بە میللەتی خۆیان هەبووە ئەو مافەیان بۆ بگێڕێتەوە.

پێشتریش ئۆزگوور ئۆزێل سەرۆكی فڕاكسیۆنی جەهەپە لەناو پەرلەمانی توركیا دژی ئەو بریارەی وەزارەتی ناوەخۆ وەستایەوە و گوتی دەسەڵاتی ئەكەپە سەلماندی كە لایەنگیری لە دیموكراتی ناكات و لایەنگیری لە فاشیست دەكات.
Top