گۆڕان هەوڵی گەڕاندنەوەی سەرکردە و هەڵسووڕاوە ناڕازییەکان دەدات
بەپێی زانیارییەکان، کە لە سەرچاوەی ئاگەدار لە ناوخۆی گۆڕانەوە پێی دراوە، هەوڵەکانی سەرکردایەتیی گۆڕان بۆ ئاشتکردنەوەی سەرکردە ناڕازییەکان و هەڵسووڕاوەکان، بەچڕی دەستیان پێ کردووە، بۆ ئەوەش چەند سەرکردە و بەرپرسێکی گۆڕان بۆ ئەو کارە راسپێردراون، تاوەکوو سەردانی سەرکردە ناڕازی و هەڵسووڕاوە نیگەرانەکان بکەن.
بەپێی زانیارییەکان، لەو ماوەیەدا هەوڵەکان تا سنوورێک سەرکەوتوو بوون، ژمارەیەک ئەندامی جڤات و هەڵسووڕاوانی ناڕازی و نیگەران لە بزووتنەوەکەیان، بەڵێنی گەڕانەوەیان و بەشدارییان لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان و هەڵبژاردنی خانەی ڕاپەڕاندنی گۆڕان و کۆنفرانسی نیشتمانی داوە.
سەرچاوەکە ئاشکرای کرد، داوای نیگەرانەکانی گۆڕان بۆ بزووتنەوەکەیان جیاواز بووە بۆ گەڕانەوە و هەندێکیان گلەیی ئەوەیان کردووە، کە لەلایەن حزبەکەیانەوە پشتگوێ خراون و خەڵکانی دیکە پلە و پۆستیان پێ دراوە، کە شیاوی ئەوان بووە، هەندێکی دیکەشیان نیگەرانییان بۆ ئەدای حزبەکەیان و بڕیارەکانی گۆڕان و دەستوەردانی ئۆرگانەکان لە یەکتری گەڕاندووەتەوە، بەشێکیشیان کێشەی کەسییان لەگەڵ هەندێ لە بەرپرسەکانی گۆڕان هەبووە.
دوای کۆچی نەوشیروان مستەفا، رۆژی (25)ی تەمموزی ساڵی (2017)، جڤاتی نیشتمانی گۆڕان، بۆ هەڵبژاردنی رێکخەری گشتی و خانەی راپەڕاندن کۆبووەوە، تیایدا عومەر سەید عەلی، وەکوو رێکخەری گشتیی گۆڕان و ئەندامانی دیکەی خانەی راپەڕاندنیش لەلایەن جڤاتی نیشتمانییەوە هەڵبژێردران. ئەمساڵ 2019، لە یادی (10) ساڵەی بەشدارییکردنی لە هەڵبژاردن و پڕۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان و عێراق، جڤاتی گشتیی گۆڕان پێشنیازی کرد، لە ماوەیەکدا کە لە (1/11/2019) تێپەڕ نەکات، هەڵبژاردن بۆ رێکخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن بکرێت. دواتریش، جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان، کە وەکوو بەرزترین دەسەڵاتی بڕیاردان لەناو گۆڕان دادەنرێت، بڕیاری دا رۆژی (14/9/2019) هەڵبژاردن بۆ رێکخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن بکات، وا بڕیاریشە لە قۆناغی دواتردا، دووەم کۆنفرانسی نیشتمانیی گۆڕان ببەسترێت، بەڵام تاوەکوو ئێستا شوێنی ئەو کۆنفرانسە و رۆژەکەی دیاری نەکراوە.
لەبارەی هەڵبژاردنی (خانەی راپەڕاندنی گۆڕان)یش ئاماژەی بەوە دا، لە وادەی خۆیدا ئەنجام دەدرێت و هەر ئەندامێکی جڤاتی گشتی و نیشتمانی مافی ئەوەیان دەبێت خۆیان کاندید بکەن، گوتیشی: “جگە لەوانیش، هەڵسووڕاوە ناسراوەکانی گۆڕان دەتوانن ببن بە ئەندام لە خانەی ڕاپەڕاندن، کە لەلایەن جڤاتی گشتی و نیشتمانییەوە پشتیوانییان لێ بکرێت”.
باسنيوز
