لە سنووری سلێمانی ئۆتۆمبێلی (پیکاب) دیار نامێنێ و گومان دەکرێ ببرێتە قەندیل

لە سنووری سلێمانی ئۆتۆمبێلی (پیکاب) دیار نامێنێ و گومان دەکرێ ببرێتە قەندیل
لە ناوچەکانی سنووری باکووری پارێزگای سلێمانی، ماوەیەکە دەنگۆی دیارنەمانی ئۆتۆمبێلی جۆری (پیکاب) بڵاو بووەتەوە و گومانیش لەوە دەکرێت کە ئەو ئۆتۆمبێلانە ببرێنە قەندیل.

پەیامنێری (باسنیوز) لە دەڤەری ڕاپەڕین ئاماژەی بەوە کرد کە ماوەیەکە لەنێو خەڵکیدا دەنگۆی ئەوە بڵاو بووەتەوە کە چەندان ئۆتۆمبێلی جۆری (پیکاب) دیار نەماوە.

واباس دەکرێت کە ئەو ئۆتۆمبێلانە لەلایەن پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)وە رەنگی دەگۆڕدرێت و تابلۆکەی لێدەکرێتەوە و بۆ کاری سەربازی و هاتوچۆی ناوچەکان بەکار دەهێندرێت.

لەمبارەیەوە هیوا گه‌یلانی، به‌رپرسی لقی ١١ی پارتی دیموکراتی کوردستان له‌ ده‌ڤه‌ری راپه‌رین بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ”ئێمه‌ش گوێبیستی ئه‌و قسانه‌ بووین له‌م سنووره‌ و باس کراوه‌ و هه‌موو شتێکیش چاوەڕوانکراوە“.

ئەوەشی ڕوونکرد کە لە سنوورەکەدا پەکەکە هەن و چالاکی دەکەن. بەڵام ئەوان گلەییان لە ئیدارە و ئاسایشی ناوچەکە هەیە، ”بەوەی نەتوانراوە وەک پێویست کۆنتڕۆڵی ئەم ناوچانە بکرێت“.

گەیلانی هۆکارەکەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە ”به‌شێکی په‌یوه‌ندی به‌بێ دەسەڵاتیی ئیدارە و ئەمنیەتەوە هه‌یه‌ و به‌شێکیشی په‌یوه‌ندی به‌ کەمتەرخەمییەوە هەیە، لە کاتێکدا ئاسایش و سەلامەتیی ژیانی خەڵکی ئه‌م ناوچه‌یه‌ له‌ ئه‌ستۆی ئه‌وانه‌“.

لەلایەن خۆیەوە کامه‌ران حه‌سه‌ن، قایمقامی قەزای ماوەت‌ کە شارۆچکەکەی دەکەوێتە نێوان هەرسێ قەزای (شارباژێڕ، پشدەر و بتوێن)ەوە و هێزەکانی پەکەکە لە سنوورەکەیدا هەن، ڕایگەیاند: ”ئه‌گه‌ر حاڵەتی له‌م شێوه‌یە هەبێت، خه‌ڵک سکاڵامان بهێننه‌ لا، ئێمه‌ به‌دواداچوون ده‌که‌ین و لێژنه‌ی ئه‌منیش به‌دواداچوون ده‌کات“.

هەر لەمبارەیەوە (باسنیوز) هەوڵی دا لێدوانی شۆڕش ئیسماعیل، گوتەبێژی پۆلیسی ڕاپەڕین وەربگرێت، بەڵام ناوبراو ئامادە نەبوو هیچ قسەیەک لەبارەی بابەتی دیارنەمانی پیکابەکانی سنوورەکەیان بکات.










باسنیوز
Top