هەڵەبجە.. پێنجەمین دانیشتنی دادگاییکردنی هاوکارانی ڕژێمی بەعس بەڕێوە چوو

هەڵەبجە.. پێنجەمین دانیشتنی دادگاییکردنی هاوکارانی ڕژێمی بەعس بەڕێوە چوو
ئەمڕۆ چوارشەممە (21/8/2019)، لە داگای بەرایی هەڵەبجە بۆ جاری پێنجەم، پڕۆسەی دانیشتنی دادگاییکردنی ئەو کەسایەتی و کۆمپانیا بیانییانە بەڕێوە چوو، کە ساڵی ١٩٨٨ هاوکاری ڕژێمی بەعس بوون بە پێدانی چەکی کیمیاوی لە بۆردومانی شارەکەدا.

لوقمان عەبدولقادر، سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە، لەمبارەوە ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ(۲۱/۸/۲۰۱۹)، پێنجەمین دانیشتنی دادگای تۆمەتبارانی کەیسی تاوانی کیمیابارانی هەڵەبجە بەڕێوە چوو کە (۲٥) کەسایەتی و کۆمپانیای بیانی بوون".

ڕوونیشی کردەوە: "لە دانیشتنەکەدا بەڵگە و دیکیۆمێنتەکان خرانە ڕوو، بەڵام لەبەر ئەوەی دادگا هەندێ داواکاری وەک جیاکردنەوەی بەڵگەکان و کۆمپانیاکانی هەبوو، لەگەڵ ئەوەش داوای کرد ئەو بەڵگانەی، کە لەبەردەستن وەرگێڕی زمانی کوردی یان عەرەبی بکرێت و پێشکەش بە دادگا بکرێت، دانیشتەنەکە دوا خرا بۆ (26|11|2019).

سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە، ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا: "كه‌ پارێزەری تۆمەتبارەکان لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆی دادگادا، ئامادە نەبوون".

ڕۆژی 16/3/1988 ڕژێمی بەعس شاری هەڵەبجەی کیمیاباران کرد و بە هۆیەوە پێنج هەزار هاووڵاتیی هەڵەبجە شەهید بوون و هەزارانی دیکەش بریندارو ون بوون.

کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجەش لڕێگەی تیمێک لە پارێزەرانی نێودەوڵەتییەوە کار بۆ دادگاییکردنی ئەو کۆمپانیا و کەسایەتییە بیانیانە دەکات، کە هاوکاری ڕژێمی بەعس بوون بەپێدانی مەوادی کیمیایی.












باسنیوز
Top