خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکانی دیاربەکر و مێردین ئاڵۆزییان تێدەکەوێ
بەپێی زانیاریی میدیاکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تورکیا، دوای ئەوەی بەرەبەیانی دوێنێ دووشەممە 19ی ئابی 2019، سێ سەرۆکی گەورە شارەوانییەکانی ئامەد، مێردین و وان (بەدیعە ئۆزگوگچە ئەرتان، ئەحمەد تورك و عەدنان سەلجووق میزراقولی) بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی تورکیا لەکار لادران و قەییوومیان لە شوێن دانرا، لە باکووری کوردستان و تورکیا کاردانەوەیان لێ کەوتەوە.
هێزە ئەمنییەکانی تورکیا لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە ٢٩ شار ئۆپەراسیۆنێکیان فراوانیان دەست پێکردووە و نزیکەی ٤٥٠ کەسیان بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە تیرۆر و ئەندامەتیی پەکەکە دەستگیر کراون.
زانیارییەکان باس لەوە دەکەن ئەمڕۆ سێشەممە و لەد درێژەی ناڕەزایی و خۆپیشادانەکان لە شاری دیاربەکر، کۆمەڵێک لە پەرلەمانتارانی هەدەپە و چالاکوانانی مانگرتنیان ڕاگەیاندووە و بەو بڕیارەی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا ناڕەزییان دەربڕیوە کە لەلایەن پۆلیسەوە گەمارۆ دراون و ڕێگە نەدراوە لێدوان بۆ میدیاکان بدە.
هاوکات چەندین شەقامی سەرەکیی شاری دیاربەکر و ماردین کە نزیکی سەرۆکایەتیی شارەوانییەکانە لەلایەن هێزی ئەمنییەوە گیراوە و پۆلیس هێرشی کردووەتە سەر خەڵک و بە گازی فرمێسکڕێژ و ئاو خەڵک و خۆپیشاندەران بڵاویان پێکراوە و چەندین کەس بریندار بوون و چەند پەرلەمانتارێکیش لەلایەن پۆلیس و هێزە ئەمنییەکانەوە لێیان دراوە.
لەمبارەوە سزای تەمەلی، هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان (HDP) بە میدیاکانی گوتووە: "ئێمە زۆڵم و ستەم لە شارەکەمان دوور دەخەینەوە و لە بەرانبەر ستەمدا دەوەستینەوە و کۆڵ نادەین".
بەپێی زانیاریی چالاکوانان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەگەری زۆرە ئەو ناڕەزایی و خۆپیشاندانانە پەرە بستێنن و پۆلیس و هێزە ئەمنییەکانیش ڕێوشوێنی توندی ئەمنییان گرتووەتە پێش و بەرەنگاری خۆپیشاندەران دەبنەوە
باسنيوز
