بەرپرسێكی پارتی: یەکێتی لەنێو خۆیدا ناتوانێ ئەو کەسە یەکلابکاتەوە کە ڕێککەوتنی لەسەر کراوە

بەرپرسێكی پارتی: یەکێتی لەنێو خۆیدا ناتوانێ ئەو کەسە یەکلابکاتەوە کە ڕێککەوتنی لەسەر کراوە
بەرپرسێكی پارتی ڕای دەگەیەنێت، یەكێتی دووربین نییە و هەمیشە كورت بین بووە بەرامبەر بابەتەكان، بۆیە بەراستی بابەتی دانانی پارێزگاری كەركووكی وەك بیانوو بەكار دەهێنان.

بڵند ئیسماعیل، بەرپرسی لقی ١٦ی پارتی ڕایگەیاند: ”هەر لەسەرەتاوە كە باس لە دانانی پارێزگاری كەركووك دەكرا، ئێمە زۆر جار باسمان لەوە دەكرد كە ئەم بابەتە لە ڕووی هونەرییەوە پێویستی بە ڕێككەوتن و ڕەزامەندیی بەغدا هەیە“.

ڕوونیشی کردەوە: ”ئالیەتی دانانی پارێزگار تەنیا لە نێوان یەكێتی و پارتی كۆتایی پێ نایەت، چونکە مەسیحییەكان، عەرەب و توركمانەكانیش داوای پۆست دەكەن، بۆیە ئێمە ئەو كاتەش هەستمان دەكرد كە یەكێتی ئەم بابەتە وەك بیانوو بەكاردەهێنرێت، چونكە لە ڕووی هونەرییەوە ئاسان نەبوو“.

بە گوتەی بەرپرسەکەی پارتی، ئەوانەی لە کەرکووکن و لە خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەردا تێوەگلاون، خۆیان بەشایستەی ئەوە دەزانن کە یەکێک لەوان بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکووک دابنرێت“.

ئەوەشی نەشاردەوە کە ”ئەوانەی دەستیان لە كارەساتی ١٦ی ئۆكتۆبەردا هەیە، ناتوانن ئیدارەی كەركووك بكەن، چونكە ئیدارەدانی شارەكە كەسێكی دەوێت بە ئەزموون، نیشتمانپەروەر و بێلایەن بێت“.

بڵند ئیسماعیل دووپاتی کردەوە، پارتی لە بابەتی پارێزگاری کەرکووک لەسەر هەق بوو کە پەلە لە دانانی پارێزگار نەكرێت، چونكە دووربینانە بیری لە بابەتەكە دەكردەوە.

گوتیشی: ”ئەوەتا ماوەیەکە ڕێككەوتنی نێوان پارتی و یەكێتی كراوە، بەڵام ئەوان لە نێو خۆیاندا ناتوانن ئەو كەسەی ڕێككەوتنی لەسەر كراوە، یەكلا بكەنەوە، هەرچەندە كەركووكییە، بەڵام پشتیوانی لێ ناكەن و لە قسە و لێدوانەكانیشیان بە ڕوونی دیارە“.

ئەوەشی نەشاردەوە کە یەکێتی بە شێوەیەکی تاکتیکییانە لە بابەتەکانی ڕوانیوە، ناوچەکانی سنووری ماددەی ١٤٠ بە کەرکووکیشەوە ”بابەتێک نین تەنیا بە ڕێككەوتنی نێوان ئێمە و یەكێتی چارەسەر بكرێت“.

دووپاتیشی کردەوە، یەكێتی بابەتی پارێزگاری کەرکووک وەك بیانوو دەهێنایە بەر باس و پارتی تۆمەتبار دەکرد کە ڕێگە لە دانانی پارێزگارەکە دەگرێت، ”لە كاتێكدا ئێمە دەمانگوت ناڕازی نین لەسەر دانانی پارێزگار، بەڵام دەمانەوێ دۆخەكە ئاسایی بێتەوە و ئەو كەسەی دەبێتە پارێزگار، دەبێ بتوانێت بە كردەیی کاری خۆی بكات“.

بڵند ئیسماعیل ئاشکرای کرد کە ”ئەو پەلە پەلەی یەكێتی، سەری لە ئێمە و خۆیان شێواند، فەرموو بڕیاری دانانی پارێزگار درا، ئایا توانییان بچن دۆخەكە ئاسایی بكەنەوە؟“.

لە مانگی ٧ی رابردووەوە پارتی و یەکێتی لەسەر دانانی ئەندازیار تەیب جەبار بە پارێزگاری کەرکووک ڕێککەوتوون، بەڵام تاوەکوو ئێستا لەو پۆستە دانەنراوە.









باسنیوز
Top