وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا دێتە هەولێر

وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا دێتە هەولێر
بڕیارە وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا دوای کۆتاییهاتنی سەردانەکەی بۆ بەغدای پایتەختی عێراق، سەردانی هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانیش بکات.

خاتوو ئەنگرێت کرامپ، وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠ی ٨ی ٢٠١٩، سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق کۆبووەوە.

بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی (شەفەق نیوز)، وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا لە دوای بەغدا، سەردانی هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان دەکات و بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان دەبینێت.

دوێنێ دووشەممە کرامپ سەردانی ئوردنی کرد و گفتوگۆی لەبارەی درێژکردنەوە ئەرکی هێزەکانی ئەڵمانیا لەو وڵاتە کرد کە لەوێوە پشتیوانیی بەرەنگاربوونەوەی چەکدارانی داعش لە سووریا و عێراق دەکەن.

ئەڵمانیا یەکێکە لە ئەندامە کاراکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە دژی داعش و تاوەکوو ئێستا بە چەندان شێوە هاوکاریی هەرێمی کوردستان و عێراقی کردووە لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعشدا.

پێشتریش ئۆرسۆلا فۆندێرلاین، وەزیری بەرگریی پێشووی ئەڵمانیا چەند جارێک سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لەنزیکەوە سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستانی بەسەر کردەوە.












باسنيوز
Top