دیاری حوسێن: ھەندێ ناوچەی کەرکووک مەترسیی کەوتنیان هەیە

	 دیاری حوسێن: ھەندێ ناوچەی کەرکووک مەترسیی کەوتنیان هەیە
ماوەی چەند ڕۆژێکە چەکدارانی داعش لە ناوچەکانی کەرکووک و خانەقین دەستیان بە ھێرشکردن کردووە و بەرپرسێکی پارتیش لە کەرکووک ھۆشداریی کەوتنی ھەندێ ناوچەی کەرکووک دەدات و دەڵێ، داعش لەنێو کەرکووک و دەوروبەری نیشتەجێ بووە.

دیاری حوسێن، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک-گەرمیانی پارتی، ڕاگەیاند: "لە سەردەمی کابینەی ڕابردووی حکوومەتی عێراق لە ھەموو ناوچەکانی عێراق کێوماڵی چەکدارانی داعش دەکرا تەنھا لەپێناو ئەوەی بێن لە کەرکووک کۆ ببنەوە و کێشە بۆ پێشمەرگە و کەرکووک بنێنەوە، ھەر ئەوەش وای کرد ژمارەیەکی زۆر چەکداری داعش لە ناوچەکانی دیکەی عێراقەوە بێن و لە سنووری پارێزگای کەرکووک خۆیان حەشار بدەن. ئەوکات بەھۆی ھەبوونی سەنگەری پێشمەرگەوە داعش نەیدەتوانی جووڵە بکات، بەڵام دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر داعشەکانی کەرکووک دەرکەوتنەوە."

ئەو بەرپرسەی پارتی دەشڵێت: "چەندین جار ھۆشداریمان لەبارەی بەھێزبوونی چەکدارانی داعشەوە داوە و ئەوەتا ئێستا دەستیان بە ھێرشکردن کردووەتەوە، ئەوەش نیشانەی بەھێزبوونی گرووپی تیرۆرستیی داعشە لە کەرکووک و دەوروبەری، بەداخەوە داعش توانیویەتی سوود لە ئاڵۆزیی ڕەوشی کەرکووک وەربگرێت و خۆی ڕێک بخاتەوە."

دیاری حوسێن ڕوونی کردەوە: "قەبارەی داعش لە کەرکووک زۆر زیادی کردووە و گەیشتووەتە ئاستێک کە لە ھەندێ ناوچەی کەرکووک و قەزاکانی دەوروبەری نیشتەجێ ببن. ھێنانی عەرەبی ھاوردە و تێکەڵکردنی مەلەفەکان وای کردووە کە داعش لە پەنای ئەوەدا خۆی بەھێز بکاتەوە."

دیاری حوسێن ھۆشداریی دا لەبارەی زیادبوونی جووڵەی داعشەوە لە کەرکووک و دەڵێت: "ئێستاش بە ھەموو لایەک ڕادەگەیەنین چەکدارانی داعش لە کەرکووک زۆر بەھێز بوونەتەوە و ئەگەر ھێزی پێشمەرگە نەگەڕێتەوە، پێشبینی دەکەین داعش دەست بەسەر ھەندێ ناوچەی کەرکووکدا بگرێت، چونکە بەھۆی بەھێزبوونی داعشەوە مەترسیی کەوتنی ھەندێ ناوچەی کەرکووک ھەیە."

kdp-
Top