"مانگی دابێ لە سەماوەی باشووری عێراق گۆڕێکی دیکەی بەکۆمەڵ ھەڵدەدرێتەوە"

دوو گۆڕی دیکەی قوربانیانی کورد لە بیابانی پارێزگای سەماوە دوزراونەتەوە و بەرپرسێکی وەزارەتی شەھیدانیش دەڵێ، مانگی دابێ دەست بە هەڵدانەوەی ئەو دوو گۆڕە بەکۆمەڵەش دەکرێت و پڕۆسەکە بەردەوام دەبێت.



سیروان جەلال، بەڕێوەبەری گۆڕە بەکۆمەڵەکانی وەزارەتی شەھیدان ڕاگەیاند: "دوای کارکردنێکی زۆر توانیومانە شوێنی دوو گۆڕی دیکەی بەکۆمەڵی قوربانیانی کورد لە بیابانی عێراق دەستنیشان بکەین و بڕیارە لە مانگی ئەیلوولی داھاتوودا دەست بە هەڵدانەوەی یەکێک لەو گۆڕانە بکرێت و لە لایەن تیمی نیشتمانیی گۆڕە بەکۆمەڵەکانەوە کار بۆ ئەوە دەکرێت بە شێوازێکی زانستیانە ھەڵبدرێنەوە."



بەڕێوەبەری گۆڕە بەکۆمەڵەکان گوتی: "ئەو دوو گۆڕە بەکۆمەڵە ھی قوربانیانی کوردە لە سەردەمی ڕژێمی بەعسی لەناوچوودا، بەڵام تا پڕۆسەی هەڵدانەوەی دەستی پێ نەکرێت ناتوانین بڵێین ھی خەڵکی کام ناوچەن و پێویستە لە لایەن تیمی تایبەت و پشکنینی زانستییەوە ڕوفاتی نێو گۆڕەکان دیاری بکرێن."



پەیوەست بە ڕوفاتی ئەو دوو گۆڕە بەکۆمەڵەی مانگی ڕابردوو ھەڵدرانەوە، سیروان جەلال ڕوونی کردەوە: "لەنێو ھەردوو گۆڕەکەدا ڕوفاتی ١٧١ کەس ھەبوو، ئێستا ڕەوانەی پزیشکی دادی بەغدا کراون بۆ دەستنیشانکردنی ناسنامەی ئەو قوربانیانە، چونکە پکشنینی ئێسکیان بۆ دەکرێت و دواتر سامپلی خوێن لە کەسوکاریان وەردەگیرێت بۆ بەرواردکردنیان."



جەلال ئاشکرای کرد: "دوای دیارکردنی ناسنامەی ئەو ١٧١ ڕوفاتە بە ڕێوڕەسمی فەرمی دەگوازرێنەوە بۆ ھەرێمی کوردستان و ڕادەستی کەسوکاریان دەکرێن، ئەم جارە کۆدی ھەر ڕوفاتێکیش لەسەر گۆڕی شەھیدەکە دەنووسرێت بۆ ئەوەی ھەر خێزانێک گۆڕی شەھیدەکەی دیار بێت."



kdp-
Top