حزبی شیوعی خۆی لە ڕادەستکردنەوەی پۆستێکی حکوومی دەدزێتەوە

حزبی شیوعی خۆی لە ڕادەستکردنەوەی پۆستێکی حکوومی دەدزێتەوە
هەرچەندە حزبی شیوعیی کوردستان بانگەشەی ئەوە دەکات کە گوایە ڕێگەی ئۆپۆزسیۆنبوونی گرتووەتە بەر، بەڵام خۆی لە ڕادەستکردنەوەی پۆستێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەدزێتەوە.

لە ماوەی ڕابردوودا حزبی شیوعیی کوردستان هاوشێوەی نەوەی نوێ و کۆمەڵی ئیسلامی و چەند فراکسیۆنێکی بچووکی دیکەی نێو پەرلەمان، ڕەفتاری کرد و بانگەشەی ئۆپۆزسیۆنبوونی کرد، بەڵام تاوەکوو ئێستا پۆستێکی باڵای حکوومەتی بەدەستەوەیە.

بەپێی زانیارییەکان، لە ماوەی ڕابردوودا پۆستی سەرۆکایەتیکردنی ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان بە پەخشان زەنگەنە، سەرکردەی باڵای حزبی شیوعیی کوردستان دراوە و تاوەکوو ئێستاش پۆستەکەی بەدەستەوەیە.

لەمبارەیەوە باباعەلی جەباری، جێگری سكرتێری حزبی شیوعیی كوردستان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ”حزبی شیوعی بڕیاری كۆتایی لە كۆمیتەی ناوەندییەوە لەبارەی ئۆپۆزسیۆن بوون داوە“.

جەباری نەیشاردەوە کە هیچ نیازێکیان بۆ ڕادەستکردنەوەی پۆستەکەی پەخشان زەنگەنە نییە و بانگەشەی ئەوەی کرد: ”ئەو پۆستەی كە پەخشان خان دراوە، لە کابینەی پێشوودا و لە چوارچێوەی بەشداریكردنی حزبی شیوعی لە حكوومەتدا نەبووە، چونكە خولی پێشووش شیوعی بەشدارنەبووە لە حكوومەتدا“.

هەرچەندە جێگری سکرتێری حزبی شیوعی بانگەشەی ئەوە دەکات کە لە کابینەی رابردووی حکوومەتدا بەشدارییان نەکردووە، بەڵام پێشتر جگە لە پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان، پۆستی ڕاوێژکارێکی سەرۆک وەزیرانیشیان پێ دراوە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتر ئەوە ڕاگەیاندراوە، لایەنەکان دەبێت خۆیان لە نێوان بەشداریکردن لە حکوومەت یاخود ئۆپۆزسیۆنبوون یەکلا بکەنەوە.










باسنیوز
Top