گەنجە کوردەکەی فەلووجە: ئەفسەرێکی حەشدی شەعبی پەلاماری داوم

گەنجە کوردەکەی فەلووجە: ئەفسەرێکی حەشدی شەعبی پەلاماری داوم
ئەو گەنجەی کە لە شاری فەلووجە بەهۆی جلوبەرگی کوردییەوە پەلامار دراوە، ئاشکرای کرد کە لە لایەن فەرماندەیەکی حەشدی شەعبییەوە لێی دراوە.

هونەر ڕايگەیاند، خەڵکی هەولێرە و لە عەشیرەتی بلباسە، ماوەی ساڵێکە چووەتە فەلووجە و پاش وەرگرتنی رەزامەندی، چێشتخانەیەکی لەو شارە داناوە.

ئەوەشی ئاشکرا کرد کە کەسێکی عەرەب ڕۆژێک بەر لە جەژن پێی گوتووە، تۆ کوردیت و نابێت لە فەلووجە چێشتخانە دابنێیت. بەڵام ئەو کەسە لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیر کراوە و دواتر لەسەر داوای کەسوکار و سەرۆک هۆزەکەی، هونەر لە سکاڵاکەی کشاوەتەوە.

بە گوتەی ئەو گەنجە کوردە، لە رۆژانی جەژن، چێشتخانەکەی کردووەتەوە، بەڵام دووەمین ڕۆژی جەژن، لە کاتێکدا بە جلی کوردی کاری کردووە، ڕووبەڕووی کێشە بووەتەوە.

هونەر گوتی: ”من لە منداڵییەوە هەر جلی کوردیم لەبەر کردووە و نازانم جلی دیکە لەبەر بکەم و حەزیش ناکەم کراس و پانتۆڵ لەبەر بکەم، جلی کوردی بۆ کەس قەدەغە نییە“.

گوتیشی: ”دوو کەس کاتژمێر ١١ی شەو هاتن کە هەردووکیان بە تەمەن بوون و دەوروبەری ٤٥ ساڵ دەبوون، یەکێکیان خۆی بە موقەدەم ناساند، بەڵام دواتر دەرکەوت کە نەقیبە لە نێو هێزەکانی حەشدی شەعبی، بانگی کردم و گوتی بۆچی جلی کوردی لەبەر دەکەی؟ منیش گوتم قەدەغەیە؟ ئەو گوتی بەڵێ قەدەغەیە“.

هەرچەندە خەڵکی نێو چێشتخانەکە پشتیوانییان لە هونەر کردووە و گوتوویانە کە ئاساییە وەک چۆن کەسانی عەرەب لە شارەکانی هەرێمی کوردستان جلی نەتەوەیی خۆیان لەبەر دەکەن، کوردیش جلی نەتەوەیی خۆی لەبەر بکات، بەڵام ئەفسەرەکەی حەشدی شەعبی و یاوەرەکەی پەلاماری داوە.

ئەوەشی ئاشکرا کرد: ”ئەوان کورسی و مێزەکانیان شکاند و ڕەفتاری خراپیان لەگەڵ نواندم، ئەوکاتە مەفرەزەی پۆلیس هاتن و هەردوو کەسەکە دەستگیر کراون، بەڵام زۆر داوام لێدەکرێت کە لەو مافەی خۆم خۆشبم، تەنانەت چەند ئۆتۆمبێلێک بە شێوەیەکی گوماناوی بە بەردەم چێشتخانەکەمدا هاتوچۆیان کردووە“.

هونەر هێشتا چێشتخانەکەی کراوەیە، بەڵام لەلایەن مەفرەزەیەکی پۆلیسەوە بەردەوام چاودێری دەکرێت، ”تەنانەت شەوی ڕابردوو تا کاتژمێر ١١ی شەو، هێزەکەی پۆلیس لە چێشتخانەکەم بوون“.

ئەو گازاندەی لە دانیشتووانی فەلووجە نییە و رایگەیاند کە خەڵکی ئەو شارە پشتیوانییەکی زۆریان لێی کردووە، بەڵام ئامادەش نییە لەو کەسانە خۆش ببێت کە پەلاماریان داوە و دەستدرێژییان کردووەتە سەر چێشتخانەکەی.










باسنيوز
Top