ئیحسان ئامێدی: سەرکردایەتی بەھێز و رێبازێکی پیرۆز نھێنی مانەوە و بەھێزی پارتین

	 ئیحسان ئامێدی: سەرکردایەتی بەھێز و رێبازێکی پیرۆز نھێنی مانەوە و بەھێزی پارتین
بەرلە ٧٣ ساڵ پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی بارزانی نەمر دامەزراو دوای تێپەڕبوونی سێ چارێکە سەدە ھێشتا پارتی لەو پەڕی بەھێزیدایە، بەرپرسێکی پارتیش نایشارێتەوە ھەبوونی رێبازێکی روون و رەوان و سەرکردایەتییەکی بەھێز نھێنی مانەوە و بەھێزبوونی پارتییە.

ئیحسان ئامێدی، بەرپرسی دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی خانی راگەیاند، "ھێزی مانەوەی پارتی لە بەھێزی و ئیرادەی بەردەوامی سەرکردایەتی پارتی دایە، کە خۆی لە کەسایەتی بارزانی نەمر و سەرۆک بارزانی دا دەبینێتەوە، خاوەن دۆزێکی روون و ئاشکرای نەتەوەیی و نیشتیمانی و دیموکراتییە، ئەمەیش میراتەکەی لە عەبدولسەلام بارزانی ماوەتەوە کە بەرلە سەدەیەک دەستی پێکردوە و ھەوڵی داوە دەوڵەتێکی سەربەخۆ بۆ کورد رابگەیەنێت ھەر لەو کاتەوە ماڵباتی بارزانی پابەندن بەو رێبازە پیرۆزەوە و ماونەتەوە وەک پێشەنگی بزاڤی رزگاری خوازی کوردستان.
ئامێدی پێی وایە، ھەموو ئەو دەستکەوتانەی بەدەست ھاتوون لە سایەی شۆڕەش و راپەڕینەکانی بارزان بووە و دەڵێت" خەباتی رێبازی بارزانی ھەوێنی ھەموو دەستکەوتەکانی ئەمڕۆمانە کە میللەتی ئێمە توانی راپەڕین ئەنجامبدات و دواتر ھەرێمی کوردستان بوە قەوارەیەکی سیاسی دەستووری و فیدڕاڵی.
لەبارەی ئەرکی ئەم قۆناغەی پارتیش بەرپرسی دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی خانی روونی کردەوە، "پارتی دیموکراتی کوردستان بە ئەرکی خۆی دەزانێت دوای ٧٣ ساڵ لە دامەزراندنی خزمەتی زیاتر پێشکەش بە ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستان بەگشت پێکھاتەکانەوە بکات، چاوەڕێ دەکرێت ھەموو ئەو خواستانەی ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستان ھەیانە لە کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێن ھەر لە دابینکردنی ئاسایش و گەشەکردنی ھەموو بوار و کەرتەکان.
مێژوو سەلماندوویەتی ھەرکاتێک پارتی دیموکراتی کوردستان پێگەی بەھێزبێت ئەوا کوردستان لە پێگەیەکی بەھێزدابووە، بەپێچەوانەوە ھەرکاتێک پارتی بەھەر ھۆیەکەوە بووبێت پێگەی بەھێز نەبووبێت ئەوە کوردستانیش بێھزبووە لەبەرامبەر نەیارەکانی، ئیحستان ئامێدی لەبارەی بەھێزی پارتییەوە گوتی" راستە کوردستانێکی بەھێز بە کەسانی بەھێز دروست دەکرێت، پارتیمان بەھێزترین سەرکردە و کەسانی بەھێزی خۆی داناوە ژێر ئەو بەرپرسیاریەتییە ھەم سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و ھەم سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان بە پاڵپشتی سەرۆک بارزانی دەتوانن کوردستان بەھێز بنیات بنێن.

kdp-
Top