فراكسیۆنی پارتی داوای ئاشكراكردنی تەقەكەرانی ماڵی ڕۆژنامەنووسەكەی قەڵادزێ دەکات
سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێ لە دژی پەردەپۆشكردنی ڕووداوی تەقەكردنەكەی ماڵی پەیامنێری کەناڵی کوردستان تیڤی-ن لە قەڵادزێ و داوای ئاشكراكردنی بكەرانی دەكەین.
زیاد كاكە ڕەزا، سەرۆكی فراكسیۆتی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ڕاگەیاند: "توێژی ڕۆژنامەنووسان گرنگن و نیشانەی زیندوویەتی هەر كۆمەڵگایەكن، بۆیە دەبێ سەرو ماڵیان پارێزراوبێ و كەس نەتوانێت دەستدرێژیان بكاتە سەر و دەبێ گیانیان پارێزراو بێ“.
سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی گوتیشی: "ئێمە وەك فراكسیۆنی پارتی ئیدانەی تەواوی ئەو كارە نابەجێ و نایاساییانە دەكەین، هیوادارین حكوومەتی خۆجێی و ئیدارەی ڕاپەرین لەسەر ئەو تەقانەی بەرامبەر بە ماڵی پەیامنێرەكەی كوردستان تیڤی كراوە، لە زووترین كات بكەوێتە خۆی و بكەری ئەو كردارە ناشیرینە بدۆزێتەوە بیداتە دادگا“.
ئەوەشی خستە ڕوو كە بەرپرسیارێتییەكە دەكەوێتە ئەستۆی ئاسایش و پۆلیسی و ئیدارەی سلێمانی لەبەر ئەوەی ڕووداوەكە لە سنوورەكەی ئەواندا ڕوویداوە.
سەبارەت هەوڵدان بە ئەگەری پەردەپۆشكردنی ڕووداوەكە، زیاد كاكە ڕازا دەڵێت: "ئێمە دژی پەردەپۆشكردنی هەموو كردارێكی نایاسایی لە سنووری پارێزگای سلیمانی دەوەستین و داوا دەكەین بكەرانی تەقەكردنەكەی ماڵی ئەو پەیامنێرە ئاشكرا بكرێت و پەردە پۆش نەكریت".
باسنیوز
