روونکردنەوە لەبارەی هێنانەخوارەوەی ئاڵای کوردستان لە کۆنسێرتەکەی سلێمانی دەدرێ
ئاوات محەمەد قایمقامی سلێمانی ڕایگەیاند کە ئەو بابەتە هیچ پەیوەندییەکی بە ئەوەوە نییە ، هەروەها ڕێبین شێخ جەمیل بەرێوەبەری پارکی هەواری شار لە سلێمانی ڕەتیکردەوە کە لەمبارەیەوە قسە بکات.
سەبارەت بە بابەتەکە بابەکر دڕەیی، بەڕێوەبەری گشتیی ڕۆشنبیری سلێمانی ڕایگەیاند: "ئاڵای کوردستان لەسەر ستەیجی کۆنسێرتەکە نەبووە و ناکرێ لەو شوێنەدا ئاڵای بوونی ھەبێت، تەنانەت لە ھوڵی تەلاری ھونەر و ھۆڵی ڕۆشنبیری و شوێنەکانی دیکە لە بنەڕەتدا ئاڵای کوردستانی لێ نەبووە و ئاڵای کوردستان لەو کۆنسێرتەدا نەبووە".
گوتیشی: "کۆمپانیایەک ئەو ھونەرمەندە تورکەی بانگھێشتی شاری سلێمانی کردووە و کۆنسێرتی بۆ ڕێکخستووە، بێگومان کۆمپانیاکە ھەموو کارەکانی بۆ ئەنجامداوە و شوێنی کۆنسێرتەکەی دیاری کردووە بەڵام،ھەروەھا ھێنانی ھونەرمەندی بیانی بۆ شاری سلێمانی بەکارێکی ئاسایی دەزانین".
بابەکر دڕەیی، ئاماژەی بە ئەوەش دا"ئاگاداری ئەوەنیم لەسەر بانی بیناکە ئاڵای کوردستانی لێ بووبێت و بەھۆی داواکاری ئەو ھونەرمەندە ئاڵاکە داگیرابێت، بەڵام قبوڵی ناکەین ئاڵای کوردستان دابگرێت، بۆیە ئەگەر بزانین ئەو کۆمپانیایە ئاڵای کوردستانی داگرتووە کە ھونەرمەندەکەی بانگھێشت کردووە، ئێمە لێپرسینەوە لەگەڵ ئەو کومپانیایەدا دەکەین".
باسنيوز
