خەڵاتی وۆمێکس بەخشرایە هونەرمەندی کورد کەیهان کەلهوڕ
"کەیهان کەلهوڕ" پێشتریش خەڵاتی "گرێمی" هاوڕێ لەگەڵ گرووپی میوزیکی نێونەتەوەیی "ڕێگای ئاوریشم" بردۆتەوە.
وێبسایتی "وۆمێکس" لەلایەن بەڕێوەبەرانی ئەو خەڵاتەوە دەڵێت: شارەزایی و بێهاوتایی ئەو ژەنیارە بلیمەتەی کەمانچە کە بە تازەگەری و دۆزینەوە و ئافراندنی زمانی نوێ، مۆسیقای کلاسیکی گەیاندە گوێی خەڵک لە هەموو دونیا، هۆکارە بۆ بەخشینی ئەو خەڵاتە بە هونەرمەند "کەیهان کەلهوڕ"
وێستگەکانى ژیانى کەیهان کەلهوڕ، هونەرمەدنی ناسراوی کورد
کەیهان کەلهوڕ ٢٥ى نۆڤەمبەرى ١٩٦٣ لە قەزاى شاباد (ئیسلام ئاباد) لە پارێزگاى کرماشان لە ڕۆژهەڵاتى کوردستان لەدایک بووە.
لە تەمەنى ٥ ساڵییەوە دەستى بە فێربوونى کارى میوزیک کردووە. لە ١٢ ساڵیدا بە شێوەیەکى شارەزایانە درێژەى بە کارى مۆسیقا داوە و لە ١٣ ساڵیدا بووەتە ئەندامى ئۆرکێسترای ڕادیۆ و تەلەفزیۆنى حکومەتى ئێران لە کرماشان.
لە تەمەنى ١٧ ساڵیدا چووەتە ئیتاڵیا و دواتر بۆ درێژەدان بە خوێندن ڕۆیشتووەتە کەنەدا بەشى ئاوازدانانى لە زانکۆى کارلتۆن ئۆتاوا تەواو کردووە.
لە کاتى شەڕی نێوان ئێران و عێراق (١٩٨٠ - ١٩٨٨) موشەکێک بەر ماڵەکەیان کەوتووە و هەموو ئەندامانى خێزانەکەى لەدەست داوە.
ئامێرى تایبەتى میوزیکی کەیهان کەلهوڕ، کەمانچە (جۆزە)یە و لەپاڵ کەمانچەدا تەموور و سێتار و شاکەمانیش دەژەنێت.
کەیهان کەلهوڕ لە درێژەی کارە هونەرییەکانیدا لەگەڵ هونەرمەندانى گەلانى ئەمریکا، چین، تورکیا، هێندستان، هۆڵەندا کارى هونەریى هاوبەشى ئەنجام داوە و ئەوەش کردوویەتی بە کەسایەتییەکى هونەریى جیهانی.
بەشێک لە کارە هونەرییەکانى کەیهان کەلهوڕ لەگەڵ شوجاعەت حسێنخان (غەزەل) لە هێندستان، کرۆنۆس کوارتت (ڕێگاى ئاوریشم)، یویوما و ژائۆ ژیپینگ لە (چین)، ئۆرکێستراى فیلارمۆنیک نیویۆرک، عالیم قاسمۆف لە کۆمارى ئازەربایجان، برۆکلین ڕایدەر لە ئەمریکا، ڕامبراندت تریۆ (تیپى مۆسیقاى هۆڵەندی)، شەهرام نازری، تیپى دەستان، ئەرداڵ ئەرزنجان (باکووری کوردستان و تورکیا) محەمەدڕەزا شەجەریان، حوسێن عەلیزادە و عەلى ئەکبەر مورادی بووە.
کەیهان کەلهوڕ لەو بڕوایە دایە "مۆسیقار، مۆسیقاژەن و شارەزاى مۆسیقا دەبێت شارەزای بیرکاری، مێژوو و ئەدەبیات بێت".
کەیهان کەلهوڕ تا ئێستا چەندین خەڵاتى جۆراجۆرى هونەرى بۆ ئەنجامدانى کارە هونەرییەکانى لە ناوەندە هونەرییە جیهانییەکانەوە بەدەست هێناوە.
باسنيوز
