وەزیری پەروەردە چەند ڕێنماییەکی لەبارەی تاقیکردنەوەکانی خولی دووەمی 12ی ئامادەیی دەرکرد
لە ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی پەروەردەدا کە وێنەیەکی نێردراوە ڕێنماییەکانی وەزیری پەروەردە لە بارەی ئەو تاقیکردنەوانەوە ئاماژەیان پێدراوە کە لە پێنج خاڵ پێکهاتووە لەوانە"نابێت پرسیارەکان هیچ جۆرە هەڵەیەکى تێدا بێت، هەروەها پێویستە لیژنەى باڵاى ئەزموونەکان تەواوى وردبینى و شارەزاییان بەکاربهێنن بۆ ئەوەى هیچ کەم و کوڕییەک روونەدات".
ئەمەی خوارەوە ڕاگەیەندراوەکەیە:-
سەبارەت بە تاقیکردنەوەکانى خولى دووەمى قۆناغى 12ى ئامادەیى
(ئالان حمە سعیدساڵح) وەزیرى پەروەردە، بە نووسراوەى فەرمى لە رێکەوتى (6/8/2019)، داواى لە بەرێوەبەرایەتى گشتى ئەزمونەکان کرد کە هەر پێداویستیەکیان هەیە بۆ سەرکەوتنى پرۆسەکە ئامادەیە بۆ دابین کردن و جێبەجێ کردنیان. لە هەمان کاتدا وەزیرى پەروەردە رایگەیاند کە پێویستە لە ڕێگاى هەمان سیستمەوە پەراوى سۆماى وەڵامى قوتابیان و خوێندکاران و وەڵامى نموونەى بۆ قوتابیان بە ڕێگاى ئەلیکترۆنى بخرێنە روو، تاوەکو هەموو قوتابى و خوێندکارێک وەڵامەکانى و وەڵامى نموونەى ببینیت, لەهەمان کاتدا وەزیرى پەروەردە چەند ڕێنماییەکى گشتى بۆ بەرێوەبەرایەتى گشتى ئەزمونەکان ولیژنەى باڵاى ئەزموونەکان خستە روو، کە گرنگترینیان بریتین لە:
1ـ نابێت پرسیارەکان هیچ جۆرە هەڵەیەکى تێدا بێت.
2ـنابێت پرسیارەکان جێگاى گومان و لێڵى بن لە رووى وەڵامەوە و نابێت چەند وەڵامێک دروست بێت بۆ پرسیارێک.
3ـپێویستە لیژنەى باڵاى ئەزموونەکان تەواوى ووردبینى و شارەزاییان بەکاربهێنن بۆ ئەوەى هیچ کەم و کوڕییەک روونەدات.
4ـ ئایندەى قوتابیان/خوێندکاران لە قۆناغى دوانزە لە رووى راست و دروستى پرسیارەکان لە ئەستۆى بەرێوەبەرایەتى گشتى ئەزموونەکان و ئەو لیژنەیەیە کە سەرپەرشتى تاقیکردنەوەکان دەکات.
5ـ هەر هەڵەیەک رووبدات و کاریگەرى لەسەر قوتابیان/ خوێندکاران و پرۆسەکە هەبێت، رێکارى کارگێرى دەگیرێتەبەر بەرامبەر کەسان و لایەنى کەمتەرخەم و سزاى کارگیرى دەدرێت.
bas news-
