شاجوانی پێشووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەردانی خانەی نەوجەوانانی هەولێر دەکات
سەبارەت بەم سەردانەی ئەحلام حەجی بە میدیاکانی راگەیاند: "دوای ئەوەی نازناوی شاجوانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستم بەدەست هێنا، پەیامی من وەک شاجوانێک بریتی بوو لە یارمەتیدانی منداڵانی بێ نەوا و سەرپەرشت، بۆیە رێکخراوێکم دامەزراند بە ناوی (احلام الطفولة) بۆ یارمەتیدان منداڵان لە مەغریب، بەڵام دواتر بە پێویستم زانی کارەکانی رێکخراوەکە فراوانتر بکەم، بۆ ئەم مەبەستەش هاوکاریی منداڵانی چەند وڵاتێکی ئەفریقیم کرد، هەروەها سەردانی کەمپی "هەرشەم"م کرد لە پارێزگای هەولێر کە تایبەتە بە ئاوارەکانی مووسڵ و بەپێی ئەو توانایەی کە هەیە هاوکاریم کردن، دواتر لە شاری بەغداش چەند کارێکم بۆ منداڵان ئەنجام دا، هەروەها دوای رزگارکردنی شاری مووسڵ بەشداریم لە هەڵمەتێکی ئاوەدانکردنەوەی شارەکەدا کرد کە بریتی بوو لە دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی سەدان خانوو کە لە ئەنجامی شەڕەکاندا وێران ببوون.
سەبارەت بە سەردانی بۆ خانەی نەوجەوانانی هەولێر ئەحلام حەجی گوتی: "حەزم دەکرد رۆژی جەژن لەگەڵ ئەو کوڕ و کچانە بکەمەوە کە لە خانەی نەوجەواناندان، بەڵام لەبەر ئەوەی ناتوانم بۆ جەژن لێرە بم، بڕیارم دا پێش جەژن سەردانیان بکەم و دیاریی جەژنیان پێشکەش بکەم، چونکە ئامانجی من ئەوەیە خەندە بخەمە سەر لێوی ئەو منداڵانە و ئەوەش پەیامی منە لە ژیان، ئەوەی مایەی خۆشحاڵییە کە لەنێو ئەم نەوجەوانانەدا کەسانی بە توانا و زیرەک هەن لە گشت بوارەکاندا بەتایبەتی خوێندن کە سەرەڕای گرفتەکانیان لە ژیاندا ئومێد ئەوەیان لێدەکرێت کە کەسانی سەرکەوتوو و بن و سوودیان بۆ وڵاتەکەیان هەبێت".
هەر سەبارەت بە سەردانەکەی ئەجلام حەجی ڕاشی گەیاند: "لێرەدا دەمەوێ سوپاسی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سەرپەرشتانی ئەم خانەیە بکەم بۆ ئەو ئەرکەی کە دەیگێڕن لەپێناو خزمەتکردنی ئەو کەسانەی لەو خانەدا ژیان بەسەر دەبەن و لەبەر هەر هۆکارێک بێت لە کەسوکار و دایک و باوکیان دابڕاون، ئەو خزمەتگوزارییانەی حکومەتی هەرێمی پێشکەشیانی دەکات مایەی رێز و تەقدیرن و هیوای سەرکەوتن و بەردەوامیان بۆ دەخوازم لەو ئەرکەی مرۆییەدا".
ئەحلام حەجی ئاماژەی بەوەش کرد: "ئەو منداڵانەی دەبنە قوربانیی جەنگ و کێشە کۆمەڵایەتییەکانی نێو خێزان، باجی هەڵەیەک دەدەن کە گەورەکان ئەنجامیان داوە، بۆیە ئەرکی هەموو لایەکە و بەتایبەتی کەسانی خواپێداو و رێکخراوەکان بە هەموو شێوەیەک کە هاوکارییان بکەن".
باسنيوز
