بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشین: حكوومەت دیراسەی زیادكردنی مووچەی خانەنشینان دەكات
حازم ئیسماعیل، بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینی هەرێمی كوردستان، تایبەت رايگەیاند: «لەسەر فەرمانی سەرۆكایەتیی حكوومەت، وەزارەتی دارایی خەریكی دیراسەتێكن، بۆ ئەوەی بزاندرێت ئەگەر مووچەی خانەنشینان بكرێتە 400 هەزار دینار، پێویستمان بە چەند ملیار دینارە».
لە هەرێمی كوردستان كەمترین مووچەی خانەنشینی 220 هەزار دینارە.
ئەوەشی خستە ڕوو: «سەرۆكی حكوومەت زۆر جدییە لەسەر باشكردنی گوزەران و مووچەی خانەنشینان، هەوڵێكی باشی حكوومەت دەستی پێ كردووە، کە مووچەی ئەو خانەنشینانە زیاد بكرێت، لە پەرلەمانیش جووڵەیەك دەستی پێ كردووە و چاوەڕوانی ئەنجامەكانین».
روونیشی كردەوە، لە ساڵی 2014وە لە بەغدا كەمترین مووچەی خانەنشینی 400 هەزار دینارە، گوتی: «ئێستا لە رێگەی پەرلەمانی عێراقەوە پڕۆژەیەك هەیە، مووچەی خانەنشینی بكرێتە 800 هەزار دینار».
بەپێی زانیاریی وەزارەتی دارایی، لە كوردستاندا 244 هەزار كەس مووچەی خانەنشینیی سەربازی و شارستانی وەردەگرن. حازم ئیسماعیل دووپاتی كردەوە، هەوڵی وەزارەتی دارایی ئەوەیە، قەبڵاندنی خۆی بكات بۆ ئەوەی بزانێت پێویستی بە چەند پارە دەبێت تا یاسای ژمارە 9ی ساڵی 2014ی خانەنشینی عێراق لە هەرێمی كوردستان جێبەجێ بكرێت، گوتیشی: «ئەو یاسایە لە هەرێمی كوردستان جێبەجێ بكرێت، باشترین شت دەبێت، ئومێدمان هەیە ئەگەر ئەمساڵیش ئەوە نەكرێت، ئەوە لە سەرەتای ساڵی 2020 جێبەجێ بكرێت».
بەپێی قەبڵاندنی بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشین، بۆ ئەوەی یاسای خانەنشینی یەكگرتووی عێراق لە كوردستان جێبەجێ بكرێت، پێویستیان بە 40 بۆ 50 ملیار دینار دەبێت، دەشڵێت: «دەبێت پەرلەمانی كوردستان جێبەجێكردنی یاسای خانەنشینی عێراق پەسند بكات، پاش ئەوە بە رێكکەوتن لەگەڵ حكوومەت جێبەجێ دەكرێت».
حازم، جەختی كردەوە، ئێستا 8 بۆ 9 یاسای خانەنشینی لە كوردستان جێبەجێ دەكرێن، بۆیە بە پێویستی دەزانێت، یاسایەكی یەكگرتوو هەبێت بۆ ئەوەی دۆخی مووچەی خانەنشینان باشتر بێت: «دەكرێت فەرمانبەری شارستانی یەك یاسای هەبێت، پێشمەرگە و هێزەکانی ناوخۆش یاسای خۆیان هەبێت».
جەلال محەمەد، بڕیاردەری لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان ڕای گەیاند: «لە پڕۆژەیاسای چاکسازیدا، کە بڕیارە حکوومەت ڕەوانەی پەرلەمانی کوردستانی بكاتەوە، تیایدا باسی زیادكردنی مووچەی خانەنشینانیش کراوە، وەكوو لیژنەکە و پەرلەمانتاران، داکۆکی دەکەین کەمترین مووچەی خانەنشینی لە ڕێگەی 400 ھەزار دینار جێگیر بکرێ».
باسنيوز
