نوێنه‌ری حكوومه‌تی هه‌رێم له به‌غدا : باسی ستراتیژیه‌تی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات
فارس عیسا، تایبه‌ت راگه‌یاند: "سیاسه‌تی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و ستراتیژیه‌تی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌وه‌یه، كه سه‌رجه‌م كێشه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا چارەبکرێن و، هیچ كێشه‌یه‌ك به هه‌ڵواسراوی نه‌مینێته‌وه، تا له كاتی گۆڕینی هه‌ر كه‌سێك به‌رژوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان نه‌كه‌وێته ژێر مه‌ترسیه‌وه، بۆیه حكوومه‌تی هه‌رێم ئاماده‌یه سه‌رجه‌م كێشه‌كانی له‌گه‌ڵ به‌غدا چارەسه‌ر بکات، له‌وانه بودجه و پێشمه‌رگه و ماده‌ی 140و كێشه‌كانی دیكه".
فارس عیسا گوتیشی: "سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان یه‌كه‌م سه‌ردانی دوای ده‌ستبه‌كاربوونی بۆ به‌غدا، پیشاندانی نیازپاكی هه‌رێم و ئاماده‌یی حكوومه‌تی هه‌رێم بوو، كه سه‌رجه‌م كێشه‌كان چارەسه‌ر بكرێن".
عیسا باسی له‌وه‌شكرد، بڕیاردراوه كۆمه‌ڵێك لیژنه‌ی فه‌رعی درووست بكرێن و چاودێری سه‌رجه‌م دۆسییه‌كان بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر كێشه‌یه‌ك هه‌بێت به‌پێی ده‌ستور چاره‌سه‌ر بكرێت و، له ماوه‌یه‌كی نزیكدا سه‌ردانی دیكه ده‌بێت و لیژنه‌كانیش درووست دەكرێن.
نوێنه‌ری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له به‌غدا گوتیشی: "په‌یوه‌ندی و سه‌ردانی به‌رده‌وام له نێوان هه‌رێم و به‌غدا هه‌یه و، هه‌وڵ ده‌درێت پێش ئه‌وه‌ی پڕۆژه یاسای بوجه ره‌وانه‌ی ئەنجوومەنی نوێنەران بكرێت، كێشه هونه‌رییه‌كانی تایبه‌ت به پشكی هه‌رێمی كوردستان له بودجه چارەبكرێن".
k24-
