پەرلەمانتارێک: کافتریاکان دەرمانێک لە نێرگەلە دەکەن کە کاریگەریی ماددەی هۆشبەری هەیە
موسلیم عەبدوڵا، ئەندامی لێژنەی تەندرووستیی پەرلەمانی كوردستان ڕايگەیاند: ”بیستوومانە كە زۆرجار دەرمان دەخرێتە ناو پێكهاتەی نێرگەلە كە هەمان كاریگەریی ماددەی هۆشبەری هەیە، بۆ ئەوەی جۆرە هەستێك لەلای بەكارهێنەر لە ڕووی جەستەیی و دەروونییەوە دروست بكات، تا بگەڕێنەوە و سەردانی شوێنەكە بكەنەوە“.
ڕوونیشی کردەوە، مەرج نییە ئەو دەرمانە ماددەی هۆشبەر بێت، چونکە تێچوونی هەرزانترە، بەڵام ”كاریگەریی خراپیان لەسەر جەستەی مرۆڤ هەیە، ئێستا لە بەشێك لە كافتریاكان و بەتایبەت ئەوانەی بەتەواوی سنووریان بەزاندووە، جۆرێك لە حەپ و ماددە بەكار دەهێنن كە هەمان كاریگەریی مادەی هۆشبەریان هەیە“.
بە گوتەی ئەو ئەندامەی پەرلەمانی کوردستان، لە کافتریاکاندا حەپەکانی (پاراسیمۆڵ و پانادۆڵ) هەروەها حەپەکانی وەک (ترامادۆڵ و دۆلفین) بەکار دەهێندرێن.
گوتیشی: ”من زانیاریم هەیە، لە بەشێک لە دەرمانخانەی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان، بەبێ گەڕانەوە بۆ پزیشک و هەموونی کاغەزی پزیشک، ئەو دەرمانانە بە خەڵکی دەدەن، لە کاتێکدا ئەو دەرمانە دەبێتە هۆی ئاڵوودەبوون“.
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی كوردستان ئەوەی خستە ڕوو كە لە سنووری سلێمانی و بەتایبەتیش لە ناوچەی قەڵادزێ، ”ماددەی هۆشبەر ڕژاوەتە نێو گەنجانەوە و خەڵكانێكیش بازرگانی پێوە دەكەن و دەیهێننە ناو هەرێمی كوردستان، ئەم پرسەش لەگەڵ دامودەزگاكانی ئاسایش قسەی لەسەر كراوە“.
سەبارەت بە بەدواداچوونی لێژنەی تەندرووستیی پەرلەمانی كوردستان لەسەر ئەم پرسە، موسلیم عەبدوڵا گوتی: ”ئەم بابەتەمان باس كردووە، بەڵام ئەولەویەتی كارەکانمان نەبووە، ئێمە كاری بۆ دەكەین و خۆم دووجار بەدواداچوونم بۆ كردووە، هەوڵ دەدەین لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار و وەزارەتی تەندرووستی لەسەر هێڵ بین بۆ ئەم بابەتە“.
باسنيوز
