قادر قاچاخ: لە شنگال هەر کەس رەخنە لە پەکەکە بگرێت دەیکوژن

قادر قاچاخ: لە شنگال هەر کەس رەخنە لە پەکەکە بگرێت دەیکوژن
پاش تێپەڕبوونی پێنج ساڵ بەسەر هێرشەکەی داعشدا، هێشتا کوردانی ئێزدی بەهۆی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)وە ناتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و بەرپرسێکی پارتی دیموکراتی کوردستانیش ئاشکرای دەکات کە ئەوەی ڕەخنە لە پەکەکە بگرێت، بە گوللە دەکوژڕێت.

رۆژی ٣ی ٨ی ٢٠١٤، ڕێکخراوی تیرۆریستیی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) پەلاماری شنگالی دا و هەزاران کەس بەهۆیەوە شەهید کران و هەزاران کچ و ژن و منداڵ ڕفێندران، جۆرەها تاوانیشیان بەرامبەر ئەنجام درا.

هاوکات لەگەڵ هێرشی داعش، پەکەکە بارودۆخەکەی قۆستەوە و هێزێکی ڕەوانەی شنگال کرد، لەو ساتەشەوە هەرچەندە پێشمەرگە سنوورەکەی لەدەست داعش پاک کردەوە، بەڵام پەکەکە بە هاوکاریی حەشدی شەعبی، سنوورەکەی داگیر کردووە.

لەمبارەیەوە قادر قاچاخ، بەرپرسی لقی شنگالی پارتی ڕايگەیاند، پەکەکە بەبێ ئەوەی کەس داوای لێ بکات، هاتووەتە شنگال و ”بۆ ڕاوڕووت و دەستبەسەراگرتنی سنوور و قاچاخچێتییە و هیچ خزمەتێکیان بە شنگالییەکان نەکردووە".

ڕوونیشی کردەوە کە پەکەکە یارمەتی و چەک لە حەشدی شەعبی وەردەگرێت و کۆسپ لەبەردەم هاتوچۆی هاووڵاتییانی شنگال درووست دەکات، ئەو کەسانەش کە دێنە دەنگ، ”بەڵگەمان هەیە کە بە گوللە لەلایەن پەکەکەوە کوژراون“.

قادر قاچاخ ئاماژەی بەوەش کرد: "لە کاتی دەنگداندا خەڵک دەنگی بە پەکەکە نەدا و یەک پۆستیان بەدەست نەهێنا، ۸۰٪ی خەڵک دەنگیان بە ئیدارەی شنگال دا کە ئێستا لەلایەن پەکەکە و حەشدەوە دەستی بەسەردا گیراوە و ئێستا لەژێر خێمەدا دەژین".

ئەو بەرپرسەی پارتی نەیشاردەوە کە ”پەکەکە زیاتر لە داعش خەڵکی شنگالی ڕفاندووە و بۆ شوێنە دوورەکانیان گواستوونەتەوە، تا خێزانەکانیان نەبینن و زۆر جار دەستدرێژیش دەکەنە سەر کەمپەکان، ئەمانەش هۆکارن کە شنگالییەکان ناوێرن بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان".











باسنيوز
Top