بۆ یەکەمجار سعودیە رێگە بە ئافرەتان دەدات بێ رەزامەندی سەرپەرشتیار و بەتەنها گەشتبکەن

بۆ یەکەمجار سعودیە رێگە بە ئافرەتان دەدات بێ رەزامەندی سەرپەرشتیار و بەتەنها گەشتبکەن
بۆ یەکەمجار سعودیە رێگە بە ئافرەتان دەدات بێ رەزامەندی سەرپەرشتیار و بەتەنها گەشتبکەن، مافی زیاتریشیان پێدەدات لە پرسەکانی خێزاندا، ئەوەش وەکو هەنگاوی نوێ دادەندرێت لەو وڵاتە بۆ کەمکردنەوەی باڵادەستی پیاوان بەسەر ئافرەتان.

بڕیارەکان کە میدیاکانی سعودیە دزەیان پێکردووە، جەخت لەوە دەکەنەوە پاسپۆرتی سعودی بە هەموو کەسێک دەدرێت کە هەڵگری وڵاتینامەی سعودیە بێت، هەر کەسێکیش تەمەنی لە سەرووی 21 ساڵییەوە بێت پێویستی بە رەزامەندی کەس نییە بۆ گەشتکردن.

هەرچەندە ئەو بڕیارە هێشتا بەفەرمی لەلایەن حکومەتی سعودیە رانەگەیێندراوە و لەلایەن میدیاکانەوە دزەی پێکراوە، بەڵام سعودیەکان بەگەرمی پێشوازی لەو بڕیارە دەکەن و بە رۆژێکی مێژوویی ناوی دەبەن.

گۆڕانکارییەکان رێگە بە دایکان دەدات هاوشێوەی باوکان ناوی منداڵی نوێ تۆماربکەن، لەکاتێکدا پێشتر تەنها باوک دەیتوانی ناوی منداڵی نوێ تۆماربکات. هەروەها رێگە بە ئافرەتان دەدرێت مامەڵە پێشکەش بکەن بۆ تۆمارکردنی داوای هاوژینی یان جیابوونەوە و وەرگرتنی تۆماری خێزانی، مافی سەرپەرشتیکردنی منداڵیش بە ئافرەتان دەدرێت.

لە دوای دەستبەکاربوونی محەممەد بن سەلمان وەکو شازادەی جێنشینی سعودیە، ئەو وڵاتە کۆمەڵێک گۆڕانکاری بەخۆیەوە بینیووە لە پرسی مافەکانی ئافرەتاندا، ئەوەش وەک هەوڵێک بۆ کرانەوەی زیاتری سعودیە بە رووی جیهاندا.

لە ساڵی 2016 محەممەد بن سەلمان "تێڕوانی 2030"ـی راگەیاند کە ئامانج لێی ئەنجامدانی چاکسازی گشتگیرە لە سعودیە و تێیدا باس لە پلانی "ئامادەکاری بۆ قۆناخی پاش نەوت لە سعودیە" دەکرێت، ئەنجوومەنی وەزیرانی سعودیەش پەسندیکرد.

ئەو چاکسازییە ئابوورییانە هاوکاتن لەگەڵ چاکسازی کۆمەڵایەتی کە یەکێک لەوانە سووککردنی ئەو کۆت و بەندانەیە لەسەر ئافرەتان لە سعودیە داندراون.

ئەو بڕیارانە لەکاتێکدان سعودیە رووبەڕووی رەخنە دەبێتەوە لەلایەن رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە لەبارەی مافەکانی ئافرەتان، لە چەند مانگی رابردووشدا ژمارەیەک ئافرەتی سعودیە لە وڵاتەکانیان هەڵاتن و داوای مافی پەنابەرێتییان لە وڵاتانی دیکە کرد.

لە مانگی ئاداری رابردوودا وڵاتانی ئەندام لە ئەنجوومەنی مافی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، رەخنەیان لە سعودیە گرت و داوایانکرد ئەو چالاکڤانە ئافرەتانە ئازادبکات کە دەستگیریکردوون.

سعودیەکان بڕیاری گەشتکردنی ئافرەتان بە تەنیا بۆ دەرەوەی وڵاتەکەیان بە مێژوویی ناودەبەن

ئافرەتێکی خەڵکی سعودیە و دانیشتووی ئوردون دەڵێت "ئەمە رۆژێکی گەورەی مێژووییە بۆ ئافرەتانی سعودیە، کە مافی ئەوەیان پێدەدرێت پاسپۆرت دەربکەن و گەشت بۆ دەرەوە بکەن. ئەم بڕیارە بۆ وڵاتی ئێمە شتێکی سورپرایز نییە کە بەم پێشکەوتنە گەورەیەدا تێپەڕدەبێت، لە هەموو ئاستەکاندا. بەدڵنیاییەوە ئێمە سوپاسی وڵاتە ئازیز و هەروەها شازادەی جێنشینمان دەکەین، بەپشتیوانی خوا لە داهاتوودا وڵاتەکەمان هەنگاوی زیاتر دەنێت بۆ بەرەوپێشچوون".

سەناد، خەڵکی سعودیەیە و دانیشووتی ئوردونە، ئاماژە بەوە دەکات "من هەمیشە هانی ئازادی هاتووچۆ بۆ ئافرەتان دەدەم، حەز دەکەم خوشکە بچووکەکەم، بەبێ من بگەڕێتەوە سعودیە، بەبێ من، یان باوکم و یانیش برا بچووکەکەم بگەڕێتەوە".

ئەو بڕیارە بەتەنیا لەلایەن خەڵکی سعودیە نا، بەڵکو لەلایەن رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانیش بە هەنگاوێکی گرنگ ناوی دەبرێت و هانی چاکسازی زیاتر لەبارەی مافەکانی مرۆڤ لە سعودیە دەدەن.

لین مالوف، لێکۆڵەر لە ئەمنستی ئینتەرناشناڵ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڵێت "بەراستی ئەمە هەنگاوێکی ئەرێنییە، کە دەبێتە هۆی سەربەخۆیی زیاتر، متمانە و هەروەها یەکسانی زیاتر بە ئافرەتان دەدات لە سعودیە. یەکێک لە چاکسازییە هەرە گرنگەکانیش کە ئەنجامدراوە ئەوەیە کە ئێستا ئافرەتان دەتوانن پاسپۆرتی خۆیان هەبێت، کە ئەمەش رێگە بە ئافرەتان دەدات بەبێ رەزامەندی گەورەکانیان گەشت بکەن".






رووداو
Top