كۆنترۆڵی كارەبای كوردستان: ئێستا کارەبای دهۆک هاوشێوەی سلێمانی و هەولێرە

 كۆنترۆڵی كارەبای كوردستان: ئێستا کارەبای دهۆک هاوشێوەی سلێمانی و هەولێرە
بەڕێوەبەری كۆنترۆڵی كارەبای هەرێمی كوردستان رایگەیاند، كارەبا لە دهۆك چووەتە دۆخی ئاسایی خۆی و بەپێی ئەو بەرنامەیەی دایانناوە بۆ مانگی هەشتیش دەتوانن زیاتر لە 16 كاژێر كارەبای نیشتمانی دابینبكەن.

ئومێد ئەحمەد، بەڕێوەبەری كۆنترۆڵی كارەبای هەرێمی كوردستان رایگەیاند "بۆ مانگی تەمموز نزیکەی 17 کاژێر کارەبامان داوەتە هاونیشتمانییان، بەپێی ئەو بەرنامەیەی دامانناوە لە مانگی هەشتدا دەتوانین زیاتر لە 16كاژێر كارەبای نیشتمانی دابینبكەین، بەوەش ئەو پلانەکانمان بۆ پێدانی كارەبا لە وەرزی هاوینداسەركەوتوو بووە".

بەڕێوەبەری كۆنترۆڵی كارەبای هەرێمی كوردستان ئەوەشی گوت "دۆخی كارەبا لە پارێزگای دهۆكیش چووەتە حاڵەتی ئاسایی خۆی".

ئومێد ئەحمەد بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ـی راگەیاند "بۆ مانگی حەوت وتمان نزیكەی 15 كاژێر كارەبا دابیندەكەین، لە كۆتایی توانیمان نزیكەی 17 كاژێر کارەبا بدەین بە هاونیشتمانیان، بۆ مانگی هەشتیش پلانمان ئەوەیە نزیكەی 16 كاژێر كارەبا دابینبكەین، ئەگەری زیاتریش هەیە، بەمەرجێك تووشی گرفتی تەكنیكی نەبین".

بەڕێوەبەری كۆنترۆڵی كارەبای هەرێمی كوردستان، دڵخۆشە بەوەی دۆخی كارەبای دهۆكیان بردووەتە دۆخی ئاسایی خۆی و دەڵێت "پێشتر دۆخی كارەبا لە دهۆك بەراورد بە سلێمانی ‌و هەولێر زۆر خراپ بوو، بەڵام پاش هەوڵێكی زۆر ‌و هەندێک‌ گۆڕانكاری توانیمان دۆخەكە ئاسایی بكەینەوە، ئێستا كارەبای نیشتمانی لە دهۆك، وەك سلێمانی ‌و هەولێرە".

لە هەرێمی كوردستان ‌و لە وەرزی هاوین ‌و گەرمادا خواست لەسەر بەكارهێنانی كارەبا زۆر دەبێت، بە جۆرێك ئێستا خواست لەسەر بەكارهێنانی كارەبا نزیكەی چوار هەزار ‌و 700 مێگاواتە ‌و بەرهەمهێنانیش نزیكەی سێ هەزار ‌و 250 مێگاواتە.



رووداو
Top