فراكسیۆنەكان له‌باره‌ی دیاریكردنی رۆژی كۆمەڵكوژیی ئێزدییەكان كۆدەنگن

فراكسیۆنەكان له‌باره‌ی دیاریكردنی رۆژی كۆمەڵكوژیی ئێزدییەكان كۆدەنگن
پەرلەمانی كوردستان، ئەمڕۆ رۆژی كۆمەڵكوژیی ئێزدییەكان دیاری دەكات، ئەندامێكی لیژنەی شەهیدان و ئەنفالكراوانیش دەڵێ، كۆدەنگیی سەرجەم فراكسیۆنەكانی لەسەرە، راشیدەگەیەنێت، كە دەبێ لە بەرانبەر ئەو كارەساتەی بەسەر ئێزدییەكاندا هاتووە، حكوومەتی عێراق قەرەبووی ماددی و مەعنەوییان بكاتەوە.

سەوسەن محەمەد میرخان، ئەندامی لیژنەی شەهیدان و ئەنفالكراوان لە پەرلەمانی كوردستان، لە لێدوانێكیدا ، رایگەیاند، كۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستان پەیوەستە بە دیاریكردنی رۆژی كۆمەڵكوژیی ئێزدییەكان، كە لە ٢٠١٤ لە لایەن تیرۆریستانی داعشەوە كۆمەڵكوژ كران، خوێندنەوەی دووەمیشی بۆ دەكرێ و گفتوگۆ لەسەر بڕگە و ماددەكانی دەكرێ.

ئەو ئەندامەی پەرلەمان ئاماژەی بەوەش دا، كە ئەوان وەكو لیژنەی شەهیدان و جینۆساید و زیندانیانی سیاسی، چەند رۆژێك لەمەوبەر لەگەڵ وەزارەتی شەهیدانی كوردستان و دكتۆرە ڤالا وەك وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پەرلەمان بە هاوبەشی لەگەڵ لیژنەی یاسایی، تاوتوێی تەواوی بڕگە و ماددەكانی پێشنیازی كۆمەڵكوژیی ئێزدییەكانیان كردووە.

وەك سەوسەن میرخان باسی كرد، رۆژی ٣ی٨ وەك رۆژی ناساندنی كۆمەڵكوژیی ئێزدییەكان دیاری دەكەن، بەو پێیەی هەر لەو رۆژەدا و ساڵی ٢٠١٤ تیرۆریستانی داعش هەستان بە كۆمەڵكوژكردنی ئێزدییەكان.

بە گوتەی پەرلەمانتارەكەی پارتی، دیاریكردنی ئەو رۆژەش، مەبەست لێی ناساندنی ئەو كارەساتە مرۆییە گەورەیەیە، كە بەسەر ئێزدییەكاندا هاتووە و پیشانی وڵاتانی جیهانی بدەن، كە چ زوڵم و ستەمێك لە گەلی كورد دەكرێ و كراوە و كۆتایی نایەت.

سەوسەن دەشڵێ، لەو كۆمەڵكوژییەی بەرانبەر ئێزدییەكان كراوە، نزیكەی ٧ هەزار كەس بوونەتە قوربانیی دەستی تیرۆریستان، پێویستە ئەو یادە تاڵە بە زیندوویی بمێنێتەوە، هاوكات جەختیش لەوە دەكاتەوە، كە دەبێ حكوومەتی عێراق لە رووی ماددی و مەعنەوییەوە قەرەبووی ئێزدییەكان بكاتەوە.

دووپاتیشی كردەوە، دیاریكردنی رۆژی كۆمەڵكوژكردنی ئێزدییەكان وەك یاسا، سەرجەم فراكسیۆنەكان كۆدەنگن لەسەری و نموونەیشی بەوە هێنایەوە، كە لە خوێندنەوەی یەكەمدا ٩٥%ی دەنگەكانی بەدەست هێناوە.



kdp -
Top