ڕاوێژكارى كۆمارییەكان: دیپلۆماسیهتی هەرێمی كوردستان و ئەمەریكا زۆر بەرەو پێشەوە چووە
زەردەشت تۆفیق بەگ، ڕاوێژكار لە حزبی كۆمارییەكانی ئەمەریكا، ڕاگەیاند: "قۆناغی پەیوەندیی دیپلۆماسیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی ئەمەریكا زۆر بەرەو پێشەوە چووە، ئەمەریكا خواستی هەیە پەیوەندییەكانی لەگەڵ گەل و حكوومەتی هەرێم زیاتر بەرەو پێشەوە بەرێت".
تۆفیق بەگ گوتیشی: "ئەمەریكا گرنگی بە كۆنسووڵخانەی هەولێر دەدات، چونكە ناوچەی سەقامگیری زۆر لامەبەستە و هەولێریش زۆر سەقامگیرە و ئاسایش و ئارامیی تێدایە، بەرژەوەندیی خۆشی لەوەدا دەبینێتەوە لە حكوومەت و گەلی كورد نزیك بێت، بۆیە لە ڕووی ئابووری و دیپلۆماسی و سەربازیشەوە هەماهەنگی لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكات و بەردەوام پەیوەندییەكانیش بەرەو پێشەوە دەچن".
ڕاوێژكارەكەی حزبی كۆمارییەكانی ئەمەریكا گوتیشی: "پەیوەندیی دیپلۆماسیی ئەمەریكا ئێستا لەگەڵ هەرێمی كوردستان زیاتر بەرەو پێشەوە چووە تاوەكو عێراق، بۆیە ئەمەریكا دیپلۆماتكارەكانی بە ڕێژەیەكی بەرچاو لە باڵیۆزخانەكەی لە بەغدا كەم كردەوە، بەڵام بە پێچەوانەوە زیاتر كارمەند بۆ كۆنسووڵخانەكەی لە هەولێر زیاد دەكات و پەرەشی پێدەدات".
ئاماژەشی دا:" لە شەڕی تیرۆردا كورد لە باشور و ڕۆژئاوادا هاوبەشی ئەمەریكایە، بۆیە ئەمەریكا وای دەبینێت دەبێ هەماهەنگی و پەیوەندییەكانی لەگەڵ كورددا زیاتر بكات، كۆنسووڵخانەی ئەمەریكاش لە هەولێر، ناوەندی سەرپەرشتیكردنی شەڕی تیرۆر بووە".
kdp -
