وەزیری ناوخۆ: دەبێت بە كردار یاسا سەروەر بێت

	 وەزیری ناوخۆ: دەبێت بە كردار یاسا سەروەر بێت
ئەمڕۆ پێنجشەممە لە دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان، ئەنجوومەنی وەزارەت بە سەرپەرشتیی بەڕێز ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ و ئامادەبوونی بەڕێزان بریكاری وەزارەت و پارێزگاری هەولێر و سلێمانی و دهۆك و هەڵەبجە و راوێژكاران و سەرجەم بەڕێوەبەرە گشتییەكانی وەزارەت، بە مەبەستی تاووتوێی دانانی پلانی ستراستیژیی وەزارەت بۆ چوار ساڵی داهاتوو، كۆبووەوە.

سەرەتای كۆبوونەوەكە، وەزیری ناوخۆ تیشكی خستە سەر ئەوەی كە لە ژێر رۆشنایی رێنماییەكانی رێزدار سەرۆكی حكوومەت و بەرنامەی كابینەی نۆیەم، ئامانج خزمەتكردنی زیاتری هاووڵاتیانە و راییكردنی كارەكانیانە بە زووترین كات و بە باشترین شێوە، ئاماژەی بەوەش دا كە رێگە نادرێت كەس دەستدرێژی بكاتە سەر موڵكی گشتی و دەبێت بە كردار یاسا سەروەر بێت.

دواتر رەشنووسی پلانی ستراتیژیی وەزارەت بۆ چوار ساڵی ئایندە گفتوگۆی لەسەر كرا و، ئەنجوومەنی وەزارەت پێداویستییەكانیان خستە روو و، بە تێبینی و پێشنیاز و سەرنجی جیاجیا رەشنووسەكەیان دەوڵەمەندتر كرد، بە شێوەیەك كە باشتر و زیاتر بەرژەوەندیی هاووڵاتیان و پاراستنی ئاسایشی ناوخۆی هەرێمی كوردستان فەراهەم بكات.

kdp -
Top