د. ڤیان: بڕیاری دادگا سەبارەت بە ماددەی ١٤٠ ئەرێنییە.. دەبێ لە رووی یاساییەوە لایەنەكان پێوەی پابەند بن

	 د. ڤیان: بڕیاری دادگا سەبارەت بە ماددەی ١٤٠ ئەرێنییە.. دەبێ لە رووی یاساییەوە لایەنەكان پێوەی پابەند بن
دوابەدوای بڕیارەكەی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق لەسەر ماددەی ١٤٠، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەران، وێڕای پێشوازییان لەو بڕیارە، رایشیدەگەیەنێ، كە دەبێ هەموو لایەنەكان بە بڕیارەكانی دادگای باڵاوە وابەستە بن.

دوای ئەوەی دادگای باڵای دەستووریی عێراق لە ٢٨ی ئەم مانگەدا بڕیاری دا، كە ماددەی ١٤٠ بە پێی یاسا، دەستوورییە و بەسەر نەچووە، هاوكات پێویستە لایەنە جیاوازەكانی عێراق بڕگە جیاوازەكانی ماددەی ١٤٠ی دەستوور جێبەجێ بكەن، ڤیان سەبری، ئاشكرای دەكات، كە ئەمە دوای ئەوە هاتووە، لە سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە داوا لە دادگای باڵا كراوە، كە تەفسیری ماددەكە بكا، كە ئایا ماوە، یا نەماوە، وەڵامی ئەوانیش ئەو بڕیارە بوو، كە بەڵێ ماددەكە بەسەر نەچووە

سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەران، ئاماژە بەوە دەكات، كە دووەم جارە داوا لە دادگای باڵای دەستووری دەكرێت، كە ئایا ماددەكە بەسەرچووە یان نا، جاری یەكەمیش ساڵی ٢٠١٨ بووە و هەردوو جارەكەش وەڵام ئەوە بووە، كە ئەو ماددەیە دەستوورییە و هەموو لایەنێك دەبێ پابەندی جێبەجێكردنی بن.

ناوبراو روونیشی كردەوە، كە ماددەی ١٤٠ سەرەتا ماددەی ٥٨ بووە لە كاتی حكوومەتی راگوزەری عێراقدا و دواتر گواستراوەتەوە نێو دەستووری عێراق و بووەتە ماددەیەكی دەستووریی عێراق، بۆیە دەبێ سەرجەمی لایەنەكان لە رووی یاساییەوە بە خاڵ و بڕگەكانییەوە پابەند بن و جێبەجێ بكرێت.



kdp-
Top