قایمقامی ئامێدی: ئەمڕۆ فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا چیای گارەیان بۆردوومان كرد

قایمقامی ئامێدی: ئەمڕۆ فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا چیای گارەیان بۆردوومان كرد
بە هۆی هەبوونی بنكە و بارەگاكانی پەكەكەوە، فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا بەردەوام گوند و ئاواییەكانی سنووری شارۆچكەی ئامێدی بۆردوومان دەكەن، ئەوەش ترس و دڵەڕاوكێی لای دانیشتووانی ناوچەكە دروست كردووە، رۆژانەش خەڵك گوند و ئاواییەكانی خۆیان چۆڵ دەكەن و روو لە شارەكان دەكەن، كە بە گوتەی بەرپرسانی ناوچەكە، تا ئێستا زیاتر لە 160 گوند چۆڵ كراون.

ئیسماعیل مستەفا، قایمقامی شارۆچكەی ئامێدی، گوتی: "بەیانیی ئەمڕۆ فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا چیای گارەیان لە سنووری قەزای ئامێدی بۆردوومان كرد، زیانی گیانی نەبووە، بەڵام زیانی ماددی هەبووە و پوش و پاوانی گوندەكان سووتاوە، هەتا رەز و باخی هاووڵاتیان بە هۆی بۆردوومانەوە دەسووتێت و رۆژانە لەبەر پەكەكە زیانی ماددی بەر خەڵكی ئێمە دەكەوێت".

قایمقامی ئامێدی گوتیشی: "شارۆچكەی ئامێدی لە 398 گوند پێك دێت، لەبەر پەكەكە 160 گوند چۆڵ كراون، خەڵكی ئەو گوندانە لەبەر بوونی پەكەكە لەو ناوچانەدا، ناتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان و لە شارەكان نیشتەجێ بوونە، ئەگەر بێت و خەڵكی ئەو گوندانە بگەڕێنەوە، كاری كشتوكاڵی و ئاژەڵداری دەكەن و حكوومەتیش دەستی ئاوەدانی بۆ ئەو ناوچانە درێژ دەكات".

kdp -
Top