حکوومەت دەست بە دابەشکردنی بڕە پارەیەک دەکات

حکوومەت دەست بە دابەشکردنی بڕە پارەیەک دەکات
گوتەبێژی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕای دەگەیەنێت٫ لە بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانەوە دابەشکردنی دەرماڵەی قوتابییانی کچ و کوڕی شەهیدان دەست پێ دەکات.

فواد عوسمان، گوتەبێژی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان ڕايگەیاند: "بەهۆی قەیرانی داراییەوە دەرماڵەی هاتوچۆ و مانەوە کرابوو بە ۵۰٪، بەڵام وردە وردە بۆ چاککردنی ئەوەش ڕەزامەندی دێت و پێیان دەدرێت".

ڕوونیشی کردەوە، "ئەو دەرماڵەیە نەوەستاوە و دەست بە دابەشکردنی کراوە، هەرچەندە هەندێک دواکەوتووە و دواکەوتنەکەشی درێژەی هەبووە، بەڵام دابەشکردنی بەردەوامە و بەڕێژەی پچڕپچڕ، واتە چەندە ڕەزامەندی بێتەوە، بەو پێیە ئێمە دەرماڵەکە دابەش دەکەین".

گوتەبێژەکەی وەزارەتی کاروباری شەهیدان جەختی کردەوە، "لە بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانەوە ئەو دەرماڵەیە بەسەر قوتابییان دابەش دەکرێت".

فواد عوسمان باسی لەوە کرد کە ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی رەزامەندییان لەسەر خەرجکردنی کرێی خوێندنی ٢٠١٧ - ٢٠١٨ی کچ و کوڕی شەهیدان داوە و ”هەموو ئامادەکارییەک بۆ ئەو مەبەستە کراوە و لە هەندێک شوێنیش دەست بە خەرجکردنی کراوە. ئەو زانکۆیانەی لە سەردەمی قەیرانی داراییدا ڕێککەوتنمان لەگەڵیاندا هەبوو، ئەوانەی راستەوخۆ مامەڵەیان لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەبوو، پارەیان لە کەسوکاری شەهیدان وەرنەگرتووە، ئەوان کرێی خوێندنی کچ و کوڕی شەهیدان ڕاستەوخۆ لە حکوومەتەوە وەردەگرن. ئەوانەشی کە پارەیان لە قوتابییان وەرگرتووە، قوتابییەکان کرێی خوێندنەکەیان بۆ خەرج دەکرێتەوە. زۆربەی زانکۆکان پارەیان لە کەسوکاری شەهیدان وەرنەگرتووە، بۆیە حکوومەت راستەوخۆ پارەکە بە زانکۆکان دەدات“.

لەبارەی ئەو کچ و کوڕی شەهیدانەش کە لە ڕیزبەندیی یەکەمینەکاندان بەڵام زانکۆکانیان بە بیانووی ناردنەوەی کرێی خوێندنەکەیان بۆ حکوومەت، هیچ بڕە پارەیەکی لێخۆشبوونیان لە بەرامبەر یەکەمبوونەکەیان بۆ ناگەڕێننەوە، گوتەبێژەکەی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان دەڵێت: ”لەگەڵ زانکۆکان پڕۆژەیەکمان هەبووە کە ئەوان لێخۆشبوون بۆ یەکەمینەکان دەکەن، ئێمەش پارەیان پێ دەدەین، ئەگەر کوڕ و کچی شەهیدان لە ڕیزبەندیی یەکەمەکان بوون، پارەکە بۆ ئەوان بگەڕێتەوە. بەڵام من بابەتەکە دەگەیەنمە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خزمەتگوزاری لە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان تاوەکوو بەدواداچوونی بۆ بکەن“.











باسنيوز
Top