سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لێدوانێک لەبارەی ڕەفتاری ئەفسەرە عێراقییەکە بڵاو دەکاتەوە
فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا کە لە ماڵپەڕی فەرمیی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بڵاو کراوەتەوە، ئاماژەی بەوە داوە: ”هەڵسوکەوتى نەشیاوى تاکەکەسیى ئەفسەرێکى عێراقى بەرامبەر بە ئاڵاى کوردستان لە ملى یەکێک لە کەسوکارى قوربانیانى ئەنفالدا لە پارێزگاى موسەننا کە مایەى نیگەرانییە، کاردانەوەى زۆرى لێکەوتەوە“.
هاوکات سوپاسی پارێزگارى موسەننای کردووە کە بۆ ئەو ڕووداوە داواى لێبوردنى کردووە و ڕێکارى یاسایى بەرامبەر بە ئەفسەرەکە گیراوەتە بەر، هەروەها سوپاسی هەموو ئەوانەشى کردووە کە هەڵوێستیان لەسەر ئەم کردارە هەبووە.
فەوزی هەریری دووپاتی کردووەتەوە: ”هەڵسوکەوتى لەو شێوەیە تێنەگەیشتن و ڕێزنەگرتنە لە دەستوورى عێراق و کارێکى تاکەکەسیى ئاوها نابێت ببێتە هۆى گرژى و کاردانەوەى نایاسایى لە هیچ شوێنێک. دەبێ هەمووان گیانى پێکەوەژیان و لێبوردەیى بپارێزن و ڕێز لە دەستوور و مافە دەستوورییەکانى هەموو پێکهاتەکان بگیرێت“.
باسنيوز
