باشماخ.. 40 تۆن سێوی خراپ گەڕێندرایەوە ئێران

باشماخ.. 40 تۆن سێوی خراپ گەڕێندرایەوە ئێران
لێپرسراوی كەرەنتینەی كشتوكاڵی بەڕێوەبەرایەتیی كۆمەڵگەی دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخ، گەڕاندنەوەی زیاتر لە 40 تۆن سێوی خراپبووی بۆ وڵاتی ئێران ڕاگەیاند.

بەهێز عەبدوللەتیف، لێپرسراوی كەرەنتینەی كشتوكاڵی بەڕێوەبەرایەتیی كۆمەڵگەی دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخ ڕايگەیاند: "دوێنێ سێشەممە 30/7/2019 لەلایەن فەرمانگەی كەرەنتینەی كشتوكاڵی دەوازەی نێودەوڵەتیی باشماخەوە ڕێگری لە هاوردەكردنی زیاتر لە 40 تۆن سێوی سووری ئێرانی بۆ هەرێمی كوردستان كراوە كە لەنێو 2 ترێلەدا بووە".

گوتیشی: "سێوەكان لە شارێكی دووری ئێرانەوە هێنرابوو و پاش 18 كاتژمێر ڕێگە، گەیشتبووە دەروازەكە و بەهۆی كۆنیی سێوەكەوە و هەڵنەگرتنی بە شێوەیەكی باش لە كۆگاكانی ئەو وڵاتە، زۆرینەی مێروو لێی دابوو و كەڕووی هێنابوو".

ئاماژەی بەوەش دا: "شۆفێری ئۆتۆمبێلەكانیش پابەند نەبوون بە ئیشپێكردنی بەڕاوی ناو ئۆتۆمبێلەكانیان و دیاریكردنی پلەی پێویست بۆ بەرهەمی سێو، بۆیە نووسراوی گەڕانەوەی بۆ كراوە بۆ وڵاتی ئێران".











باسنيوز
Top