کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر پەیامێک لەبارەی شاڵاوی ئەنفالی بارزانییەکان بڵاو دەکاتەوە
کونسوڵخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی لەبارەی شاڵاوی ئەنفال بڵاو کردەوە و تێیدا پابەندیی خۆی بۆ ڕێگەگرتن لە دووبارەبوونەوەی کارەساتی هاوشێوەی ئەنفال ڕاگەیاند.
کەمێک لەمەوبەر، کونسوڵخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان، لە پێگەی فەرمیی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، پەیامێکی بڵاو کردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە کرد، بە خەمبارییەکی زۆرەوە یادی قوربانییانی شاڵاوی ئەنفالی رژێمی سەدام دەکەینەوە لە دژی خەڵکی بێتاوانی بارزانی لە ساڵی ١٩٨٣ کە بووە هۆی گیان لەدەستدانی هەزاران کەس لە خەڵکی کورد.
جەختیش لەوە کراوەتەوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پابەندبوونی خۆی بۆ هەموو گەلی عێراق و هەرێمی کوردستان دووپات دەکاتەوە، بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی کارەساتی لەم جۆرە و دڵنیاییدان بە داهاتووێکی ئارام و دیموکراتی و گەشەسەندوو بۆ عێراق.
36 ساڵ لەمەوبەر و بەرەبەیانی 31-7-1983 بە پیلانێكی پێشتر بەرنامە بۆ داڕێژراو، دەسەڵاتی ئەوكاتەی عێراق بە فەرمانی سەدام حوسێن، شاڵاوی رەشبگیریی بارزانییەكانی لە كۆمەڵگەكانی هەریر، قوشتەپە، بەحركە و دیانا دەستی پێکرد و بردنیان بۆ بیابانەکانی باشووری عێراق و لەوێ زیندەبەچاڵ و کۆمەڵکوژ کران.
باسنیوز
