سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ شاندێكی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان كۆده‌بێته‌وه‌

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ شاندێكی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان كۆده‌بێته‌وه‌
له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستاندا له‌گه‌ڵ به‌ڕێز د. لوئه‌ی شه‌بانه‌ به‌ڕێوه‌به‌ری هه‌رێمیی ڕێكخراوی سه‌ندووقی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ كاروباری دانیشتوانان و شاندێكی یاوه‌ری، به‌ڕێز شه‌بانه پوخته‌یه‌كی ده‌رباره‌ی ئامانجى سه‌ردانه‌كه‌یان خسته‌ ڕوو كه‌ بۆ نیشاندانى پشتگیریى ڕێكخراوه‌كه‌یانه‌ له‌ ئه‌نجامدانى سه‌رژمێریى گشتى له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، هه‌روه‌ها بۆ به‌شداریكردنه‌ له‌ یادى بیست و پێنج ساڵه‌ی كۆنفرانسی نێوده‌وڵه‌تیی دانیشتوان و په‌رپێدان و یادى په‌نجا ساڵه‌ی دامه‌زراندنی ڕێكخراوه‌كه‌یان.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ 30/7/2019 له‌ هه‌ولێر به‌ڕێوه‌ چوو، به‌ڕێز سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان كار و چالاكییه‌كانی ڕێكخراوه‌كه‌ی به‌رز نرخاند و باسی له‌ پرسی سه‌رژمێری له‌ عێراق كرد، هه‌روه‌ها هیوای خواست ئه‌و پرسه‌ به‌ سیاسی نه‌كرێت و له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستووری عێراق مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكرێت. به‌ڕێزیان پوخته‌یه‌كیشی ده‌رباره‌ی به‌ره‌وپێشچوونه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌تی له‌ ڕووی گرنگیدان به‌ كۆمه‌ڵگه‌ و خێزان و یه‌كسانییه‌وه‌ پێشكه‌ش كرد.

ئاستی په‌یوه‌ندییه‌كانی داموده‌زگاكانی هه‌رێمی كوردستان و ڕێكخراوه‌كه‌یان، چه‌ند پرسێكی په‌یوه‌ندیدار به‌ دانیشتوانه‌وه‌، په‌یوه‌ندیه‌كانی هه‌ولێر ـ به‌غدا، پرسی ئاواره‌ و په‌نابه‌ران و میكانزمی گه‌ڕاندنه‌وه‌یان بۆ زێدی خۆیان، لایه‌نێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.

kdp -
Top