نووسه‌ران داواى به‌ستنى كۆنگره‌ى یه‌كێتیى نووسه‌رانى كورد ده‌كه‌ن

	 نووسه‌ران داواى به‌ستنى كۆنگره‌ى یه‌كێتیى نووسه‌رانى كورد ده‌كه‌ن
ئه‌مڕۆ پانێلێك بۆ ئه‌ندامانى یه‌كێتیى نووسەرانى كورد به‌سترا، كه‌ تێیدا نووسەرانى كورد داواى گۆڕینى پرۆگرامى یه‌كێتیى نووسەران و به‌ستنى كۆنگره‌یان کرد بۆ ئه‌وه‌ى ڕێكخراوه‌كه‌ له‌ كار و خزمەتی ئەدەبی ‌و ڕۆشنبیریی كوردی به‌رده‌وام بێت.



ئەمڕۆ سێشه‌ممه‌، 30ى 7ى 2019، لە دەزگای ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان له‌ هه‌ولێر، پانێلێک بۆ ئەندامانی یەکێتیی نووسەرانی کورد لە ھەرسێ لقەکانی ھەولێر، سلێمانی و دھۆک بەسترا، کە تێیدا پەیوەست بە بەستنی کۆنگرەی یەکێتیی نووسەرانی کورد ڕاگۆڕینەوە و گفتوگۆ کرا.



پانێله‌كه‌ بە ئامادەبوونی بەڕێز مەحموود محەمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی و بەرپرسی دەزگای ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو، كه‌ تێیدا نووسەران و ئه‌دیبان و ڕۆژنامەنووسان و ڕاگەیاندنکاران بەشدار بوون.



لە ڕۆژی 10ی شوباتی 1970 ڕێكخراوى یه‌كێتیى نووسەرانى كورد، مۆڵەتی ڕەسمیی كاركردنی وەزارەتی ناوخۆی عێراقى وەرگرت‌ و هاتە مەیدانی كار و خزمەتی ئەدەبی ‌و ڕۆشنبیریی كوردییه‌وه‌.



یەكێتیی نووسەران، یەكێكە لەو ڕێكخراوە پیشەییانەی ڕۆڵێكی دیار و درەوشاوەی لە خزمەتكردنی كاروانی ئەدەبی‌ و ڕووناكبیریی كوردیدا هەبووە، ئەم ڕێكخراوەیە هەمیشە لە بەرەی گەل ‌و نیشتماندا بووە‌ و هەردەم داكۆكیی لە مافە ڕەواكانی گەلی كوردستان كردووە.



ھەر لە پانێله‌كه‌دا، بەڕێز مەحموود محەمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی، وتەیەکی پێشکەش کرد و ڕایگەیاند: "بەشێکی زۆر لە نووسەران داوای بەستنی کۆنگرەی یەکێتیی نووسەران دەکەن، ئێستاش پێویست دەکات بەگوێرەی قۆناغەکە کۆنگرە ببەسترێت، کۆنگرەی یەکێتیی نووسەرانی کورد، مودەیەکی زۆری بەسەردا چووە، پێشتر بارودۆخەکە وای کرد کە کۆنگرەکە نەبەسترێت، ئه‌میش به‌هۆى زرووفى سیاسى و عه‌سكه‌رى، ئێستاش ھاتووین لەم پانێلەدا ڕاگۆرینەوە و گفتوگۆ بکەین، بۆ ئه‌وه‌ى‌ بزانین چى بكه‌ین بۆ ئه‌و كۆنگره‌یه‌ و به‌ چ ئاراسته‌یه‌كدا بكرێت."



مەحموود محەمەد، پێیشى وایه‌، بارودۆخەکەى ئێستا وای دەخوازێ کە کۆنگرە ببەسترێت، بۆ ئەوەی ئه‌و کۆنگرەیە وا بەڕێوە ببرێت، کە لە ھەموو ڕوویەکەوە قازانجویست بێت، ئه‌ویش به‌ نه‌فه‌سێكى ڕۆشنبیرانه‌، پێویسته‌ گفتوگۆ بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ى بتوانین كۆنگره‌كه‌ وا به‌ڕێوه‌ بچێت كه‌ سوودى نووسەرانى پێوه‌ دیار بێت، چونکە ئەو بیروڕایانە گرنگن بۆ ئەوەی كۆنگرەکە سەرکەوتووتر بکات.



لە ھەر پارێزگایەکی ھەرێمی کورستان یەکێتیی نووسەران لقی ھەیە بۆیە ئەندامان داوا دەکەن لە پارێزگای ھەڵەبجەش لقی یەکێتیی نووسەران بکرێتەوە، هه‌روەھا نووسەران داواش دەکەن پرۆگرامی یەکێتیی نووسەران بگۆڕدرێت، نووسەرێكیش ده‌ڵێت، کاتی خۆی خوالێخۆشبوو، بارزانی نەمر، به‌رده‌وام نووسەرانی ھان داوە و ڕۆڵى هه‌بووه‌ له‌ دامه‌زراندنى ڕێكخراوى یه‌كێتیى نووسەرانى كورددا.



نووسەرێكى ئافره‌تیش داوا ده‌كات،‌ ڕێژەی ئافرەتان زیاتر بکرێت له‌مه‌ى ئێستا، بۆچوونیشی وایه‌، ئافرەتان نابێ چیی تر پشگوێ بخرێن، لە لایەکی تریشەوە داوا ده‌كه‌ن ئه‌ندامانى یه‌كێتیى نووسەران ڕێزیان لێ بگیرێت.



ڕژێمی بەعس وەك ڕێكخراوێكی یاخی سەیری یەكێتیی نووسەرانی كوردی دەكرد، هەربۆیەش لە ساڵی 1980 هەڵیوەشاندەوە‌ و كردی بە بەشێك لە ڕێكخراوی "ئەدیبان ‌و نووسەرانی عێراق".



ئەو یەكێتییە هەڵوەشایەوە، بەڵام نووسەرانی خاوەن هەڵوێست هەر لە بەرەی گەل مانەوە‌ و قەڵەمەكانیان لە خزمەتی شۆڕش‌ و پێشمەرگەدا بوو، بە ناوی نهێنی لە بڵاوكراوەكانی یەكێتیی نووسەرانی كوردستاندا لە شاخ بەرهەمەكانیان بڵاو دەكردەوە.



لە دوای ڕاپەڕینی ساڵی 1991، جارێكی تر یەكێتیی نووسەران دامەزرایەوە‌ و هاتەوە مەیدانی تێكۆشانی ئەدەبی ‌و ڕووناكبیری ‌و تا ئێستاش بەردەوامە‌.



یەكێتیی نووسەران لە مێژووی پڕشكۆی 49 ساڵەی تەمەنیدا خزمەتی زۆری كردووە ‌و خاوەنی خەرمانێك دەستكەوتی ئەدەبی‌ و ڕووناكبیرییە.


kdp-
Top