ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان چەندین بابەتی تاوتوێ كرد

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان چەندین بابەتی تاوتوێ كرد
ئه‌مڕۆ سێشەممە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران کۆبوونەوەیەكی ئاسایی بەست، تێیدا گفتوگۆ له‌باره‌ی چه‌ندین بابه‌تەوە كرا.

لەبارەی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەوە، ماڵپەڕی فەرمیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان (gov.krd) بڵاوی كردەوە كە سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران تیشکی خستە سەر دەستپێکردنی گفتوگۆکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا، کە هەفتەی رابردوو لە هەولێر شاندی باڵای هەردوولا کۆبوونەوە و گفتوگۆ لە بارەی سێ تەوەر کرا، کە بریتی بوون لە نەوت و گاز، بودجە، کێشە داراییەکان و ناوچە كوردستانییه‌كانی دەرەوەی ئیداره‌ی هەرێمی کوردستان.


لە کۆبوونەوەکەدا هەروەها ئاماژە بەوە درا كە چەند لێژنەیەکی تەکنیکی پێک هاتوون، بۆ گفتوگۆکردن لە بارەی وردەکارییەکان و هەردوولا پێشنیاز و کارنامەی تایبەتیان ئامادە کردووە و بڕیارە بەم زووانە درێژە بە گفتوگۆکان بدرێت.

پاشان گفتوگۆ لەبارەی چۆنیەتی دامەزراندنی ئەنجوومەنی گشتیی راژە لە هەرێمی کوردستان کرا، بۆ رێکخستنەوەی کاروباری فەرمانبەران. ئەم بابەتەش بەشێکە لە پرۆسەی چاکسازی، کە لە هێڵە گشتییەکانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە.

تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە، گفتوگۆکردن بوو دەربارەی رێکخستنەوەی داهاتی ناوخۆی وەزارەت و دەستە و لایەنەکانی نەبەستراو بە وەزارەت، لە چوارچێوەی وەزارەتی دارایی و ئابووری، بڕیار درا هەموو ئەو وەزارەتانەی داهاتیان هەیە، گشت داهاتەکانیان بنێردرێتەوە بۆ وەزارەتی دارایی، پێداچوونەوەش بە خەرجیيەکانی هەر وەزارەتێك بکرێت و دواتر بە پێی پێویستی و تایبەتمەندی، پێداویستیی خەرجیەکانی هەر وەزارەتێك دابین بکرێت.

ئەنجوومەنی وەزیران هەروەها گفتوگۆی لەبارەی پڕۆژەیاسای چاکسازی لە خانه‌نشینی، مووچە، دەرماڵە و ئیمتیازاتەکانی دیکە لە هەرێمی کوردستان، کرد. بڕیار درا، گفتوگۆی پێویست لە بارەیه‌وە بکرێت و لە نزیکترین کاتدا بنێردرێتەوە بۆ پەرلەمانی کوردستان.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەتەکانی شارەوانی و گەشتوگوزار، تەندروستی، ناوخۆ و دەستەی ژینگەی راسپارد، هەماهەنگیی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە بکەن، بۆ ئامادەکردنی رێنمایی پێویست بۆ پاراستنی گیان و سەلامەتی گەشتیاران و هاووڵاتیان لە شوێنە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان.












باسنيوز
Top