هەولێر و بەغدا دەیانەوێ پێش ساڵی نوێ رێک بکەون

 هەولێر و بەغدا دەیانەوێ پێش ساڵی نوێ رێک بکەون
لێکتێگەیشتنی باش لەنێوان هەولێر و بەغدا بۆ رێککەوتنێکی کۆنکرێتی، لەسەر دۆزینەوەی میکانزمێکی گونجاو بۆ هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و ناردنی کۆی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان، لەلایەن عێراقەوە بۆ ساڵی 2020 هەیە. بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراقیش ئاماژە بەوە دەدا، پێویستە پێش مانگی10ی ئەمساڵ (2019)، ھەرێمی کوردستان و بەغدا لەسەر ئەو پرسە ڕێک بکەون.

لەدوای سەردانی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و شاندی یاوەری بۆ بەغدا، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی عێراقی فیدراڵ، لیژنه‌یه‌كی هاوبه‌شیان بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ هەڵپەسێردراواکانی نێوانیان پێكهێناوه‌، کۆتایی هەفتەی رابردووش، شاندێکی حکوومەتی عێراق، سەردانی هەولێری کرد و لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کۆ بووەوە و لەوبارەیەوە گفتوگۆیان کرد.

بەپێی زانیارییەکان، لە کۆبوونەوەکەدا بەچڕی ‌له‌باره‌ی نووسینه‌وه‌ی ره‌شنووسێكی هاوبه‌ش بۆ‌ چاره‌سه‌ركردنی پرسه‌ هەڵپەسێردراوەکانی نێوانیان، سەبارەت بە بودجەی هەرێمی کوردستان، لە پڕۆژە یاسای 2020ی عێراق و پرسی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان بە میکانزمێکی گونجاو کە رەزامەندیی هەردوو لای لەسەر بێت، هەروەها کێشەکانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بەگشتی گفتوگۆ کراوە، هەردوولاش بە باشیان زانیوە، لەبارەی بودجە و هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە، پێش هاتنی ساڵی نوێ رێک بکەون، تاوەکوو هیچ گرفتێک لە ساڵی نوێدا بۆ بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دروست نەبێت.

هەروەها هه‌ردوولا رێك كه‌وتوون كه‌ لە ڕێگەی لیژنه‌ تەکنیکییه‌كان و هاوبەشەکانی نێوانیانەوە، درێژه‌ به‌ گفتوگۆكانیان بده‌ن و به‌گوێره‌ی ده‌ستوور و له‌به‌رچاوگرتنی به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌ش، بگه‌ن به‌ چاره‌سه‌رێكی كۆتایی بۆ سه‌رجه‌م پرسه‌كانی نێوان هەردوولا، بەڵام بۆ پرسی دیاریکردنی بودجەی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجەی 2020 ی عێراقدا، سەقفی زەمەنیی هەبێت، چونکە وا بڕیارە پڕۆژەکە پێش هاتنی ساڵی نوێ، لە پەرلەمانی عێراق بخرێتە بەرنامەی کاری پەرلەمانەوە و پەسەند بکرێت، کە ئەوەش پەیوەندیی بە رێککەوتنی هەولێر و بەغداوە هەیە.

هەر بەپێی زانیارییەکان، لەم هەفتەیەشدا گفتوگۆ و راگۆڕینەوەی زیاتر لە ڕێگەی لیژنه‌ ته‌كنیكییه‌كانى وه‌زاره‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانەوە له‌ به‌غدا پێوەند بەو دۆسێیانەی کە هەن بەردەوام دەبێت، ئامانجی هەردوولاش ئەوەیە، رێککەوتنێکی درێژخایەنی کۆنکرێتیی دەستووری لەسەر پرسە هەڵپەسێردراوەکانی نێوانیان واژۆ بکەن.

به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێکی لیژنه‌ی باڵای هاوبه‌شی نێوانیشیان، کە کۆپییەکی راگەیەندراوەکە بە (باس) دراوە، لە کۆبوونەوەکانی هەفتەی رابردوودا جەخت لەوە کراوەتەوە کە‌ لێكۆڵینه‌وه‌ و گفتوگۆکردن لەسەر ورده‌كاریی پرسه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كان، له‌ رێگای پێكهێنانی چه‌ند لیژنه‌یه‌كی تایبه‌تمه‌ندی ته‌كنیكی له‌ وه‌زاره‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كاندا دەبێت، کە لیژنەکانیش له‌ژێر چاودێریی لیژنه‌ی باڵای هاوبه‌شدا ده‌بن، بە شێوەیەک، هه‌ردوولا رێك كه‌وتوون له‌سه‌ر دانانی میكانزمێكی كردەنی بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ ورده‌كاریی پرسه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كان له‌ رێگای ئەو لیژنانەوە.

لەم بارەیەوە، د. ئەحمەد سەفار، پەرلەمانتاری پارتی و بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بۆ (باس) رای گەیاند، پێویستە هەولێر و بەغدا چەند مانگێک پێش هاتنی ساڵی نوێ، لەسەر پرسی بودجەی هەرێمی کوردستان ڕێک بکەون.

سەفار گوتیشی: “ئێستا حكوومەتی عێراق لیژنەیەكی لەبارەی ئامادەكردنی پڕۆژە یاسای بودجەی گشتیی ساڵی 2020 پێك ھێناوە و دەبێ پێش هاتنی مانگی 10ی ئەمساڵ (2019)، پڕۆژەیاساكە بگاتە پەرلەمانی عێراق، کەوابێت دەبێ پێش ئەوە هەولێر و بەغدا رێک کەوتبن”.

لای خۆشیانەوە، د.میران محەمەد، پەرلەمانتاری یەکێتی لە بەغدا، ئاماژەی بەوە دا، رێککەوتنی هەولێر و بەغدا لەسەر پرسە هەڵپەسێردراوەکان، کۆتایی بە ئەو قسە و باسانە دەهێنێت کە پەیوەندییان بە پرسی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان و مووچەی فەرمانبەران و بودجەی هەرێمی کوردستانەوە هەیە، لەبەرئەوە باشترین رێگە گفتوگۆ و رێککەوتنە.

پێشتریش د.بەشیر حەداد, جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، راگەیاندبوو کە رێککەوتنی ئەمجارەی نێوان هەولێر بەغدا، درێژخایەن و جۆرێک چاودێریی نێودەوڵەتییشی لەسەر دەبێت.











باسنيوز
Top