لێژنەى دەستپاکى پەرلەمان بەدواداچوون بۆ سامانى پلە باڵاکانى حکوومەت دەکات
ئەندامێکى لێژنەى دەستپاکى و سکاڵا لە پەرلەمانى کوردستان رایگەیاند چاودێرى پڕۆسەى پڕکردنەوە و رادەستکردنەوەى فۆڕمى بەرژەوەندى دارایى دەکەن کە لەلایەن پلە باڵاکانى حکوومەتەوە پڕدەکرێتەوە.
سەعید هەرکى ئەندامى لێژنەى دەستپاکى و سکاڵا لە پەرلەمانى کوردستان راگەیاند: "بەمەبەستى چاودێریکردنى پڕۆسەى وەرگرتن و پڕکردنەوە و رادەستکردنەوەى فۆڕمى (بەرژەوەندى دارایى) کە لەلایەن کەسانى پلە باڵا و تایبەتەکان لە حکوومەتى هەرێمدا دەکرێتەوە، تا ئێستا چەند کۆبوونەوەیەکمان ئەنجامداوە لە کۆبوونەوەیەکیشدا میواندارى سەرۆکى دەستەى دەستپاکى هەرێممان کرد بۆئەوەى بە هەماهەنگى لەگەڵ ئەو دەستەیە بەدواداچونێکى ورد بکەین بۆ ئەو کەسانەى کە ئەو فۆڕمەیان پڕکردۆتەوە یان ئەوانەشى وەریان نەگرتووە پێویستە لەماوەیەکى نزیکدا فۆڕمەکە وەربگرن و پڕى بکەنەوە".
ناوبراو راشیگەیاند: " مەبەست لە پڕکردنەوەى فۆڕمى بەرژەوەندى دارایى ئاشکراکردنى ماڵ و سامانى ئەو کەسانەیە کە پلەى باڵا لەحکوومەت وەردەگرن تا بزانرێت دواى بەکۆتایى هاتنى ئەرکەکەى موڵک و ماڵى ئەو کەسە چەند زیادى کردووە، چونکە ئەگەر دەرکەوت دواى ئەو ماوەیە موڵکى ئەوکەسە بەشێوەیەکى نا ئاسایى زیادى کردووە".
ئەندامەکەى لێژنەى دەستپاکى پەرلەمانى کوردستان جەختیشیکردەوە کە بەدواداچوون بۆ ئەو فۆڕمانەش دەکەن کە لەلایەن پلە باڵا و تایبەتەکانى کابینەى پێشوو پڕکرابوونەوە بۆ ئەوە بزانن چەندیان گەڕاونەتەوە، ئایا زیادبوونى موڵک و ماڵى ئەوکەسانە نائاساییە؟ ئەگەر حاڵەتێکى واهەبێت لێکۆڵینەوەى ورد دەکەن و هەڵوێستى جدیشیان دەبێت.
باسنيوز
