ئەمڕۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران کۆتایی هات

	 ئەمڕۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران کۆتایی هات
دوای درێژکردنەوەی ٢ رۆژ بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران، ئەمڕۆ کۆتایی بەو وادەیەش هات، بەڵام بەشێک لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان دەڵێن، گەنمەکانیان رادەست نەکردووە، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێمیش، رایدەگەێنێت، بەغدا بەڵێنی ناردنی پارەی جوتیارانی داوە.

دواین کات بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران ٢٥ی٧ی٢٠١٩ بوو دوای درێژکردنەوەی ماوەی 2 ڕۆژ لە تەواوبوونی وادەی خۆی، ئەمڕۆ شەممە ٢٧ی٧ی٢٠١٩ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران کۆتایی هات، بەڵام هێشتا بەشێک لە جووتیارانی هەرێمی کورستان دەڵێن گەنمەکانمان ڕادەست نەکردووە.

حکوومەتی عێراق بۆ ئەمساڵ بڕیاریدا تەنیا ترلیۆنێک و ٥٢٠ ملیار دینار بۆ کڕینەوەی گەنمی جووتیاران خەرج بکات، کە لەو ڕێژەیە ١٩٢ ملیاری بەر هەرێمی کوردستان کەوتووە، لە کۆی ٣٤٠ هەزار تۆن زیاتر لە ٣٠٠ هەزار تۆن گەنمی ئەمساڵ ڕادەستکراوە و، تا ئێستا زیاتر لە ٣٠ هەزار تۆن ماوەتەوە.

لە دواین ئاماریشدا وەزارەتی بازرگانی عێراق بڵاویکردووەتەوە، ئەمساڵ ٤ ملیۆن و ٧٥٠ هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی ناوخۆیان کڕیوەتەوە.

جگە لە پارەی گەنمی ڕادەستکراو، جووتیاران بەشێک لە پارەی ساڵانی ٢٠١٤، ٢٠١٥، ٢٠١٦یان لای حکوومەتی عێراقە، ئەمەش وایکردووە ئەمساڵ بەشێک لە جووتیاران زەوییەکانیان تۆو نەکەن، بەشێکیشیان لە بازاڕی ئازاد فرۆشتوویانە.

نەوزاد ئەدهەم، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی رایگەیاند: "ڕاستە بەشێکی پارەی ساڵانی ٢٠١٤، ٢٠١٥، ٢٠١٦ی گەنمی ڕادەستکراوی جووتیاران، کە تەنیا ملیارێک دیناره‌ دابەشکراوە، بەڵام بڕی٥٥٧ ملیار دینار ماوە"


نەوزاد ئەدهەم، دەشڵێت: "ئێمە لە جووتیاران زیاتر خەممان بووە و دوو نووسراومان لە ڕێگەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی، ئاراستەی عادل عەبدولمەهدی کردووە، بەڵێنیان داوە هەر لەمساڵدا تەواوی پارەکان خەرج بکەن".


kdp -
Top