مەلا بەختیار هەڕەشەی دەست لەکار کێشانەوە لە یەکێتی دەکات
بەپێی هەندێک سەرچاوە، پاش ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، پڕۆژەیەکی لەبارەی ئایندەی یەکێتی و کۆنگرەی چوارەمی حزبەکە پێشکەش کرد، لەلایەن جێگرانی سکرتێری گشتیی یەکێتییەوە، کار لەسەر سڕکردنی مەلا بەختیار دەکرێت.
پێشتریش لەلایەن گرووپەکەی سەر بە بەرهەم ساڵح، جێگری سکرتێری گشتیی یەکێتییەوە هەڵمەتێکی میدیایی چڕ لە دژی مەلا بەختیار دەستی پێ کردبوو.
لەلایەکی دیکەوە ماڵپەڕی (پەیسەرپرێس)ی ناوخۆیی سلێمانی، لە چەند کاتژمێری ڕابردوودا مەلا بەختیار لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە بەرپرسێکی باڵای یەکێتییەوە کردووە و پێی ڕاگەیاندوون کە ئەگەر بەرهەم ساڵح لە کۆنگرەدا بکرێتە سکرتێر یاخود هاوسەرۆکی یەکێتی، ئەوا ئەو ناگەڕێتەوە نێو یەکێتی و بە یەکجارەکی دەست لەکار دەکێشێتەوە.
تەنانەت ماڵپەڕەکە باسی لەوە کردووە کە ئەگەر مەلا بەختیار لە حزبەکەی بێئومێد بێت، ئەگەر هەیە لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستاندا لیستێکی سەربەخۆی هەبێت و ئەمەشی چەند جارێک بە ناڕاستەوخۆ باس کردووە.
پێشتریش مەلا بەختیار بە توندی وەڵامی گرووپەکەی سەر بە بەرهەم ساڵحی دابووەوە، هەڕەشەی ئەوەی کردبوو کە ئەگەر پێداگری لەسەر ئەوە بکەن کە سەرۆک کۆماری عێراق لە پرۆسەیەکی دیموکراسیدا پۆستەکەی وەرگرتووە، ئەوا ناچار دەبێت ڕاستییەکانی چۆنیەتیی وەرگرتنی پۆستەکە ئاشکرا بکات، “ئینجا چی دەبێت با ببێت”.
باسنيوز
