دیندار زێباری: دەبێ نەتەوە یەکگرتووەکان حکوومەتی هەرێم وەک هاوبەش ببینێت
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەینێت کە حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆڵێکی گرنگی هەبووە لە پێشکەش کردنی زانیاری و هاوکاری کردنی تیمی نەتەوەیەکگرتووەکان (یۆنیتاد) لە دیکیومنت کردن و پێشکەش کردنی بەڵگەکان، بۆیە پێویستە نەتەوەیەکگرتووەکان حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هاوبەشێکی سەرەکی ببینێت لەم پڕۆسەیەدا.
لە دوای پێکهێنانی تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان بە سەرۆکایەتی کەریم ئەحمەد خان راوێژکاری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان (یۆنیتاد) بۆ پتەوکردنی لێپرسینەوە لە تاوانەکانی داعش و پێشکەش کردنی راپۆرتی خۆی دەربارەی کارەکانی لە رۆژی ١٥/٧/٢٠١٩ لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، و لە درێژەی هەوڵە هاوبەشەکان تیمی نیشتمانیی گۆڕە بەکۆمەڵەکان کە پێکدێت لە دەزگای شەهیدی حکوەمەتی فیدراڵی و نوێنەری وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێم لە شاری سەماوە دەستی کرد بە هەڵدانەوەی گۆڕێکی بەکۆمەڵ کە بۆ سەردەمی ئەنفالی ساڵانی کۆتایی هەشتاکانی سەدەی رابردوو دەگەڕێتەوە و رووفاتەکانی ناو گۆڕەکە کوردن و خەڵکی ناوچەی گەرمیانن.
لەمبارەوە د.دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان رای گەیاند: حکوومەتی هەرێمی کوردستان رۆڵێکی گرنگی هەبووە لە پێشکەشکردنی زانیاری و هاوکاریکردنی تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان (یۆنیتاد) لە دیکیومنتکردن و پێشکەشکردنی بەڵگە لەسەر تاوانەکانی داعش دەرهەق بە کوردانی ئێزدی و گشت پێکهاتەکانی ناوچەکە، سەرەڕای ئەمەش پێویستە نەتەوە یەکگرتووەکان حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هاوبەشێکی سەرەکی ببینێت لەم پرۆسەیەدا."
لەلایەکی ترەوە دیندار زێباری تیشکی خستە سەر ئەو تاوانانەی دەرهەق بە گەلی کوردستان ئەنجامدراون و گوتی: "گەلی کوردستان بە گشت پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان قوربانیی یەکێک لە گەورەترین تاوانەکانی مرۆڤایەتی ئەویش ئەنفال و شوێنبزرکردنی زۆرەملێیە لەوانە کوردانی فەیلی و ئەنفالکردنی (٨٠٠٠) هەشت هەزار بارزانی و (١٨٢٠٠٠) سەد و هەشتا و دوو هەزار کەس لە گەرمیان و بادینان، دوای رووخانی رژێمی بەعسیش ئەم تاوانانە دەرهەق بە گەلی کوردستان بە شێوازی جیاجیا بەردەوام بوون و لە دوای هێرشی تیرۆریستانی داعش بە رفاندنی هەزاران کوردی ئێزیدی گەیشتە لووتکە، حکومەتی هەرێم هەوڵی داوە هەڵکۆڵین بۆ گۆڕە بەکۆمەڵەکان بکات، بۆ ئەم مەبەستە لە چەند رۆژی رابردوو لە بیابانەکانی سەماوە گۆڕێکی دیکەی کۆمەڵ هەڵدرایەوە بە هەماهەنگی نێوان دەزگای شەهیدانی حکوومەتی فیدرالی و نوێنەری وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێم و (ICMP) کە لیژنەیەکی نێودەوڵەتی تایبەتە بە کاروباری شوێنبزربوان".
لەبارەی هەوڵەکانی حکومەتی هەرێم بۆ سەلماندنی ئەم تاوانانە، دیندار زێباری گوتی: "حکوومەتی هەرێم هەوڵەکانی لە زۆر رووەوە دەست پێکردووە لەوانە پێکهێنانی لیژنەیەکی تایبەتی لەلایەن سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانەوە لە رێکەوتنی 25/11/2014 بۆ کۆکردنەوەی زانیاری و بەدواداچوونی کەیسی ئەو کوردە ئێزدییانەی لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە رفێنردراوان، بە مەبەستی ئازادکردنیان و دابینکردنی شوێنی حەوانەوە بۆیان و دووبارە شیاندنەوەیان، لەلایەکی دیکەوە دەستەیەک دامەزراوە بۆ دۆزینەوەی بەڵگە دەربارەی تاوانەکان داعش، هەروەها لیژنەیەکی دیکە دامەزراوە بۆ بە دیکیۆمێنتکردنی ئەو تاوانانەی ئەنجام دراون بەتایبەتی دەرهەق بە ئافرەتە ئێزدییەکان و تا ئێستا ئەم لیژنانە هەنگاوی زۆریان ناوە وەک تۆمار کردنی (٤٢٠٦) کەیس لە دادگاکان دەربارەی تاوانەکانی داعش دەرهەق بە ئێزدییەکان بەتایبەتی ئافرەتان لەوانە (١٧٧٨) کەیس کە کاریان تەواو بوو و ئامادە کراوە بۆ ئەوەی پێشکەشی دادگا بکرێن کە (1191) دژی ئافرەتان بووە و تا ئێستا (2428) کەیسی دیکە کاریان لەسەر دەکرێت".
سەبارەت بە جینۆسایدکردنی بارزانییەکان لە 31/7/ 1983 و گێڕانەوەی روفاتەکانیان بۆ سەر زێدی خۆیان رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان گوتی: "بە هەوڵ کۆششە بەردەوامەکانی حکوومەتی هەرێم توانرا چەند گۆڕێکی بە کۆمەڵ بدۆزرێتەوە کە رووفاتی بارزانییەکانی تێدا بووە لە ناوچەی بوسەییە و سەماوە کە گەورەترین گۆڕی بەکۆمەڵی کوردانی لێیە لە رووبەڕی (46) هەزار کیلۆمەتری چوارگۆشە، تا ئێستا بە دوو قۆناغ 596 ڕووفات هێنراونەتەوە لە ساڵانی 2005 و 2014 لە قۆناغی یەكەم لە ساڵی (2005) توانرا (603) ڕووفات هێنرانەوە، لە ساڵی 2014 توانرا (93) ڕووفاتی دیكە هێنراونەتەوە، هێشتا زیاتر لە 7 هەزار روفاتی دیکە بۆ ئەوەی بهێنرێنەوە کوردستان، سەبارەت بە گۆڕە بە کۆمەڵەکانی ئێزدییەکانیش کە لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە زیندەبەچاڵ کراون تا ئێستا (٨٠) گۆڕی بە کۆمەڵ و دەیان شوێنی گۆڕی تاکەکەسی دۆزراونەتەوە و ژمارەیەک لەو گۆڕانە هەڵدراوەنەتەوە، جگە لەم گۆڕە بەکۆمەڵانە داعش (68) مەزارگە و شوێنی ئایینی ئێزدیان خاپور کردووە."
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان تیشکی خستە سەر گرنگی پاراستنی ئەو گۆڕە بە کۆمەڵانە و گوتی: "لە عێراقدا بەپێی یاسای ژمارە (٥)ی ساڵی 2006 کە بە یاسای (یاسای پاراستن و ھەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی عيراق) ناسراوە مامەڵە لەگەڵ گۆڕە بەکۆمەڵەکان دەکرێت کە ئەوانیش دوو بەشن، بەشێکیان دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمی رژێمی بەعس و تا ئێستا لەکۆی (٣٠٠) گۆڕی بەکۆمەڵ نزیکەی (2800) رووفات گەڕێندراوەتەوە، بەشی دووەمی گۆڕە بەکۆمەڵەکان ئەوانەن کە لە دوای هێرشەکانی داعش دۆزراونەتەوە و تا ئێستا بە دەیان گۆڕی بە کۆمەڵ کاری هەڵدانەوەیان بۆ کراوە بە ئامادەبوونی نوێنەری وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێم و تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنجام دەدرێت کە بە بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایش ژمارە (2379) لە ساڵی 2017 بە سەرۆکایەتیی کەریم ئەحمەد خان راوێژکاری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان (یۆنیتاد) دامەزراوە بە مەبەستی بە دیکیۆمنتکردنی تاوانەکانی تیرۆریستانی داعش، دیندار زێباری ئاماژەی بەوەش کرد کە پێویستە هەرێمی کوردستان رۆڵی کارای هەبێت لەو تیمەدا، چونکە بەشی هەرەزۆری قوربانیانی داعش دانیشتوانی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم بوون بەتایبەتی لە دەشتی نەینەوا و شنگال و کەرکوک کە دانیشتوانی لە گشت پێکهاتەکان رووبەڕووی دڕندەترین تاوانی جینۆساید بوونەتەوە".
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا زێباری ئاماژەی بە قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری قوربانیانی تاوانەکانی رژێمی بەعس کرد و گوتی: "لە هەرێمی کوردستان لیژنەیەکی تایبەت دامەزراوە بۆ قەرەبووکردنەوەی قوربانیانی دەستی رژێمی سەدام لە نێوان ساڵانی (1961 تا 2003) بە پشتبەستن بە پێوەرە نێودەوڵەتییەکان کە ئەم تاوانانە دەگرێتەوە (کوشتن، بریندار بوون، راگواستن، شوێنبزرکردن، جینۆساید، تێکدانی ماڵ و گوند و شار، بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراو)، هەروەها داواکارین لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە كەسوكاری ئەنفالكراوان و قوربانیانی تیرۆر بەپێی بڕگە دووی ماددی(132)ی دەستووری هەمیشەیی عێراق قەرەبوو بکرێنەوە".
باسنيوز
