27 خێزانی پێشمەرگە بریندارەکان بوونە خاوەن پڕۆژە

27 خێزانی پێشمەرگە بریندارەکان بوونە خاوەن پڕۆژە
حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە هاوکاریی یەکێتیی ئەوروەپا و ئەڵمانیا هاوکاریی پێشمەرگە بریندارەکان دەکات و 27 خێزانیان کرانە خاوەن پرۆژە.

بەم بۆنەوە پڕۆژەیەک بەناوی "قودرە" بۆ هاوکاریکردنی پێشمەرگە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان کۆتایی هات و حکوومەتی هەرێمیش سوپاسی یەکێتی ئەورووپا و ئەڵمانیا دەکات.

رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پرێس کۆنفرانسێکدا رای گەیاند: "سوپاسی وڵاتی ئەڵمانیا دەکەین، کە لەڕووی داراییەوە هاوکاری جێبەجێکردنی بەرنامەی قودرەی کرد، کە بۆ ژمارەیەک لە پێشمەرگە بریندارەکانی شەڕی داعش جێبەجێ کرا و پڕۆژەکەش سەرکەوتوانە کۆتایی هات".

ئاماژەی بەوەش دا: "هەرێمی کوردستان نزیکەی 12 هەزار شەهید و برینداری لە شەڕی داعش داوە و هێشتا مەترسییەکانی داعش لە ناوچەکە کۆتایی نەهاتووە".

لەبارەی ئەو پرۆژەیەوە، باربارا وۆلف، کونسوڵی ئەڵمانیا لە هەولێر بە کەناڵی (کوردستان24)ی راگەیاند: "خێزانی پێشمەرگەکان هاوشێوەی پێشمەرگەکان لە شەڕی دژ بە داعش پاڵەوانن، بۆیە خۆشحاڵم توانیومانە هاوکاریی 27 خێزانی پێشمەرگە و 140 کەس لە رەگەزی نێر بکەین".

پڕۆژەکە لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە بە هاوکاریی یەکێتیی ئەوروەپا و ئەڵمانیا ئەنجام درا و تێیدا هاوکاریی پێشکەشی ئەو پێشمەرگانە کرا کە رێژەی کەمئەندامبوونیان لە 50% زیاترە تاکوو بتوانن دووبارە خۆیان لەگەڵ خێزان و کۆمەڵگەدا بگونجێنەوە و بشتوانن بۆ بەدەستهێنانی داهات پشت بە خۆیان ببەستن.











باسنيوز
Top