پەرلەمانی کوردستان کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ساز دەکات
رۆبینە ئۆیملک، ئەندامی لێژنەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان راگەیاند، پرۆژەیاسایەکە خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراوە و بریارە لەم ھەفتەیە خوێندنەوەی دووەمی بۆ بکرێت و لە خوێندنەوەی سێیەمدا پەسەند بکرێت.
رۆبینە ئۆیملک ئاماژەی بەوەش کرد، کە سەرجەم رێکارە یاساییەکانی پەسەندکردنی پرۆژەکە تەواو بوون.
بەپێ زانیارییەكان، پەرلەمانی کوردستان رۆژی پێنجشەممە 1-8-2019 و شەممە پەرلەمانی کوردستان کۆبوونەوەی نائاسایی ساز دەکات پرۆژەیاساکە پەسەند دەکات.
بەشێک لە ناوەڕۆکی پرۆژەیاساکە بریتییە لە دیاریکردنی رۆژی 3ـی مانگی 8 وەک رۆژی کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدی، جگە لە تۆمارکردنی ئەو کوردە ئێزدییانەی لە هێرشی رێکخراوی تیرۆریستی داعش گیانیان لەدەست دا، بە شەهید و پێدانی ماف و ئیمتیازاتی شەهیدان بە کەسوکاریان.
پرۆژەکە لەلایەن فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستانەوە ئامادەکراوە.
رۆژی 3-8-2014، چەکدارانی داعش دوای هەرەس پێهێنانی سوپای عێراق و داگیرکردنی زۆربەی ناوچەکانی پارێزگای نەینەوا، هێرشیان کردە سەر شاری شنگال.
لە مانگی 6ـی 2014، نزیکەی دوو هەزار چەکداری رێکخراوی تیرۆریستی داعش هێرشیان کردە سەر شاری مووسڵ و لە ماوەی چەند رۆژێکدا، هەرەسیان بە سوپای عێراق هێنا و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنباریان داگیر کرد.
باسنیوز
