وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتی كار بۆ دەستپێكردنەوەی دابەشكردنی مووچەی چاودێریی خێزان دەكات

	 وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتی كار بۆ دەستپێكردنەوەی دابەشكردنی مووچەی چاودێریی خێزان دەكات
بڕیارە لەلایەن حكوومەتەوە رێنمایی نوێ بۆ خەرجكردنی مووچەی چاودێریی خێزان دەربكرێت، هەرچەندە ماوەی زیاتر لە 3 ساڵە ئەو مووچەیە راگیراوە، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی كاریش دەڵێ، وەزارەتەكەیان كار بۆ دەستپێكردنەوەی دابەشكردنی مووچەی چاودێریی خێزان دەكات.

فوئاد سدیق، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، ڕاگەیاند: "هەفتەی داهاتوو نووسراوی فەرمی ئاڕاستەی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران دەكەین بۆ وەرگرتنی ڕەزامەندی و دابینكردنی بڕی بودجەی پێویست بۆ سوودمەندانی مووچەی چاودێریی خێزان".

سدیق گوتیشی: "بڕیارە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دوای پێداچوونەوە، رێنمایی نوێ لەبارەی مووچەی تۆڕی چاودێریی خێزان دەربكات و لەمەودوا بەپێی رێنمایی نوێ ھاووڵاتیان دەتوانن سوودمەند بن لە وەرگرتنی مووچەی تۆڕی چاودێریی خێزان".

ئاماژەی بەوەش دا:" لە سەردەمی كابینەی پێشووی حكوومەتدا هەوڵی چاكسازی دراوە، بەڵام ئێمە جارێكی دیكە بە میكانیزمێكی نوێ ئەو ناوانە دەردەهێنین كە مووچەكە نایانگرێتەوە".

ئەو هەروەها دەشڵێت: "كەسانێك ناونووس كراون، كە تەنانەت لە كوردستانیش ناژین و لە دەرەوەی وڵاتن، یاخود كەسانێك هەن كە بژێویی ژیانیان باشە، بۆیە هەموو ئەو كەسانە ناویان دەسڕدرێتەوە و مووچە بە كەسانی شیاو دەدرێت".

ناوبراو روونیشی كردەوە: "بەپێی رێنماییەكانی پێشوو، زیاتر مووچەكە بۆ ئەو ژنانە بوو كە بێ ھاوسەرن و هەروەها بۆ خوێندكارانی خێزاندار و ئەوانە بوو كە ھیچ مووچە و داھاتیان نییە و بەردەوامن لە پڕۆسەی خوێندن".


kdp -
Top