ئەحمەد داودئۆغلو سانسۆر دەكرێت

ئەحمەد داودئۆغلو سانسۆر دەكرێت
ئەحمەد داودئۆغلو سەرۆك وەزیرانی پێشووی توركیا بە هۆی ئەوەی لە وتار و میتینگەكانیدا دژایەتی ئەكەپەی دەسەڵاتدای توركیا دەكات و رەخنەی توند لە رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەركۆمار دەگرێت، لە زۆربەی كەناڵە تەلەڤزیۆنی و رۆژنامەكانی توركیا سانسۆر كراوە.

داودئۆغلو بە نیازە لە مانگی ٩ی ئەمساڵدا پارتە تازەكەی رابگەیەنێ، بەڵام هەر لە ئێستەوە ئەردۆغان بە خیانەتكار ناوی دەبات و سانسۆری خستووەتە سەر.

ئەردۆغان لە وتاری پێرێ هەینیدا وەكو ئاماژەیەك بۆ داودئۆغلو گوتیبووی "گوێ مەدەنە ئەو كەسانەی دەیانەوێ پارتێكی تازە دابمەزرێنن، ئەوان خیانەتكارن و دەبێ باجی ئەوەش بدەن".

رۆژنامەی (سۆڵ)ی توركی بڵاوی كردبووەوە، كە داودئۆغلو بە نیاز بوو تا مانگی ٩دا گرنگی زۆر بە میدیا و میتینگ بدات بۆ ناساندنی ئامانج و ستراتیژییەتی پارتە تازەكەی، بەڵام لە یەكەم هەنگاویدا شكستی هێنا.

لە دوو هەفتەی رابردوودا، سێ رۆژنامەنووسی بەناوبانگی توركیا دیمانەیەكی رۆژنامەوانیان لەگەڵ داودئۆغلو ئەنجام دا، ئەگەرچی دیمانەكە لە یوتیوبی تایبەت بەو سێ رۆژنامەنووسە بڵاوكرایەوە، چونكە هیچ میدیایەكی توركیا ئامادە نەبووە دیمانەكە پەخش بكات، بەڵام ئەو سێ رۆژنامەنووسە لە كارەكەیان دوورخرانەوە، كە لە ماڵپەری (سپوتنیك)ی رووسی بوون، هۆكارەكەشی ئەو دیمانەیە بووە و بەرێوەبەڕی ماڵپەڕەكە گوتوویەتی بە هۆی ئەو دیمانەیەوە كۆتاییمان بە كارەكانتان هێنا و بڕۆنەوە ماڵەوە.

بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی لە میدیاكانی توركیا بڵاوكراونەتەوە، ئەردۆغان فەرمانی بە میدیاكانی سەر بە ئەكەپە و میدیا سێبەرەكانی خۆی كردووە، كە ٩٠٪ی تەواوی میدیای توركیا پێك دەهێنن، بە هیچ شێوەیەك دیمانە لەگەڵ داودئۆغلودا نەكەن و سانسۆری بكەن.

ئەحمەد داودئۆغلو لە پێگەی خۆی لە تویتەر نووسیویەتی "هەر دەرگایەكمان لەسەر دابخەن ئێمە لە دەرگایەكی ترەوە دێینە ژوورە و ناتوانن بێدەنگمان بكەن".

شەڕی ئەردۆغان و داودئۆغلو لە مانگی ٩دا زیاتر تۆخ دەبێتەوە، چونكە داودئۆغلو پارتە تازەكەی دادەمەزرێنێت و هەر لە ئێستاشەوە ئۆپۆزسیۆنی خۆی راگەیاندوە.

داودئۆغلو لە چەندین دیمانەدا گوتویەتی ئەو لەگەڵ سیستەمی سەرۆكایەتیدا نییە بۆ توركیا، بۆ كار دەكات تا سیستەمی پەرلەمانی بەهێز بێت، ئەمەش بۆچوون كاركردنی جەهەپە و پارتی باش و هەدەپەیە، بۆیە پارتە تازەكەی داودئۆغلو لەوڕوەوە لەبەرەی ئۆپۆزسیۆن دەبێت بۆ دژایەتیكردنی سیستەمی سەرۆكایەتی.

رۆژنامەكانی سەر بە ئەكەپەش وەكو (یەنی شەفەق، ئاكید، تەقویم)، بڵاویان كردوەتەوە، كە هێنانەوەی سیستەمی پەرلەمانی دەستی دەرەكی و پیلانی گولەن و پەكەكەیە، بۆیە جەهەپە و پارتی باش لەسەر فەرمانی ئەوان ئەو هەنگاوەیان گرتوەتە بەر.












باسنيوز
Top