ئەوروپا هەوڵی نێوەندگیریی حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەدات
رۆژنامەی (شەرقولئەوسەت) لە راپۆرتێکدا، ئاماژەی بەوە کردووە، کە حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و شاندێکی ئێرانی بە سەرۆکایەتیی محەمەد کازم سەجادپور، راوێژکاری وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە ئۆسلۆی پایتەختی نەرویج، سێ کۆبوونەوەیان بەبێ ئەنجام، کردووە.
رۆژنامەکە لە زاری سەرچاوەکانییەوە بڵاوی کردووەتەوە، کە ئەو وڵاتە ئەوروپییانە (ناویان نەهێنراوە) ئامادەیی خۆیان بۆ ناوبژیوانیکردن بۆ دەستپێکردنی دانوستاندنی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی نێوان حزبە کوردییەکان و ئێران نیشان داوە، بەڵام تا ئێستا هیچ پێشوەچوونێک دروست نەبووە.
هەڵوێستی حدکا
حەسەن شەرەفی، جێگری یەکەمی سکرتێری حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) هەوڵە ئەوروپییەکەی پشتڕاست کردووەتەوە و رایگەیاندووە، ”ژمارەیەک لایەنی ئەوروپی پێشنیازیان داوەتە ئێمە بۆ نێوەندگیریی لەگەڵ ئێران و ئێمەش رەزامەندیمان نیشان دا“.
هەڵوێستی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
فەرزین کارباسی، ئەندامی لێژنەی ناوەندیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بە سەرۆکایەتیی عەبدوڵڵا موهتەدی، رایگەیاندووە، حزبەکەی هەمان هەڵوێستی حزبە کوردستانییەکانی ناو بەرەی (سەنتەری هاوکاریی و هەماهەنگیی هاوبەش)ی دەبێت.
فەرزین کارباسی هەروەها رایگەیاندووە، کە هەڵوێستی بەرەکە رەتنەکردنەوەی گفتوگۆ و دانوستاندنە، ”ئەگەرچی متمانەمان بە ئێران نییە و پێویستە نیازپاکیی خۆی بسەلمێنێت“.
هەڵوێستی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
عومەر ئێلخانیزادە، سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان رایگەیاندووە، ئەگرچی ئێران لە بارودۆخێکی خراپە بۆیە پەنا دەباتە بەر دانوستاندن، بەڵام حزبە کوردییەکان ئامادەن بۆ دانوستاندن بەو مەرجەی ئێران دان بە کێشەی کورد بنێت، ویستی خۆی بۆ چارەسەری دەرببڕێت و گەرەنتیی نێودەوڵەتیش دەستەبەر بکرێت.
هەڵوێستی پارتی سەربەستیی کوردستان
عارف باوەجانی، سکرتێری گشتیی پارتی سەربەستیی کوردستان هەر جۆرە گفتوگۆ و دانوستاندنێکی لەگەڵ حکوومەتی ئێران رەت کردووەتەوە و رایگەیاندووە، ” متمانەمان بە رژێمی ئێران نییە، چەندین سەرکردەی کوردی لە دانوستاندن کوشتووە“.
ئەگەرچی حدکا و هەردوو کۆمەڵە رایانگەیاندووە، ئێران و لایەنە ئەوروپییەکان دەستپێشخەریی دانوستاندنەکەیان کردووە، بەڵام عارف باوەجانی رایگەیاندووە، حزبە کوردییەکان داوایان لە رێخراوێکی نەرویجیی بەناوی سەنتەری نەرویجی بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان (نۆریف) کردووە، نێوەندگیریی لەنێوان ئەوان و حکوومەتی ئێران بکات.
باسنيوز
