وەزارەتی خوێندنی باڵا بەرنامەی چوار ساڵی کاری دادەڕێژێت
لەمبارەوە عەباس ئەکرەم گوتەبێژى وەزارەتی خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکان ڕای گەیاندووە: "لە دوایین کۆبونەوەى ئەنجومەنى وەزارەت کە لە ڕۆژى (٢٤/٧/٢٠١٩)دا بەڕێوە چوو، ئەنجومەن بڕیاری دا لێژنەیەک پێک بهێنرێت بۆ کۆکردنەوەى پێشنیازى زانکۆکانى کوردستان بەمەبەستى ئامادەکردنى کارنامەى چوار ساڵى کارکردنى وەزارەت".
گوتیشى: لەسەر ڕاسپاردەى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، ئەنجومەنى وەزارەت بڕیاری داوە مامۆستایانى زانکۆکانى کوردستانیش بۆیان هەیە لەڕێگەى ئیمێڵی (work.plan@mhe-krg.org)، ڕا و پێشنیازیان بۆ کارنامەى چوار ساڵى کارکردنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بنێرن".
ڕاشی گەیاند بۆ ئەوەى مامۆستایانى زانکۆ پێگە و کاریگەرییان لەسەر پرۆسەى خوێندن لە دامەزراوەکانى خوێندنى باڵادا هەبێت، بەشدارییان پێدەکرێت لەڕێگەى وەرگرتنى ڕا و پێشنیازیان بۆ کارنامەى چوار ساڵى کارکردن، کە ئەمەش دەبێتە هۆکارێک بۆ سەرکەوتن و جێبەجێکردنى پلانى کارکردن".
گوتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕاشی گەیاند: "مامۆستایانى زانکۆ، دەتوانن لە ماوەى (١٠) رۆژدا واتە لە ئەمڕۆ ڕێکەوتى (٢٨/٧/٢٠١٩) تاکوو (٧/٨/٢٠١٩)، پێشنیاز و بۆچوونیان لەبارەى ئەو بابەت و پرۆژە و بەرنامانەى کە پێیان باشە وەک کارنامەى وەزارەت، بنێرن بۆ وەزارەتەکەمان و لەلایەن لێژنەى تایبەتمەندەوە سەیرى تەواوى پێشنیازەکان دەکرێت و لە کارنامەى چوار ساڵى کارکردنى وەزارەتدا جێگەىان بۆ دەکرێتەوە."
جێگەى ئاماژەیە ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتەکانى راسپاردووە لە ماوەى (٣٠) ڕۆژدا لەژێر رۆشنایی هێڵە گشتییەكانی كارنامەی كابینەی نۆیەمدا کارنامەى وەزارەت دابڕێژن و پێشكەشی ئەنجومەنی وەزیرانی بكەن بۆ ئەوەی پەسەند بكرێت و بخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە، بۆ دەوڵەمەندکردن و وەرگرتنى پێشنیازى بەسود و زانستیش، وەزارەتى خوێندنى باڵا بڕیاری داوە راى مامۆستایانى زانکۆش وەربگرێت و لەم پڕۆسەیەدا بەشدارییان پێ بکات.
باسنيوز
